سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی نەهج كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەندە بە لێكگەیشتن و پێكەوەیی و هاریكاری و هاوبەشیی ڕاستەقینە.
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ عەبدولحوسێن مووسەوی سەرۆكی هاوپەیمانیی (نەهج)ی نیشتمانی و ئەندامانی سەركردایەتی و پەرلەمانتارانیان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، هاوپەیمانیی (نەهج)ی نیشتمانی خۆشحاڵیی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی، هەروەها باس لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی گیانی تەبایی و هاریكاریی نێوان لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان كرا، وەك بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات.
هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەندە بە لێكگەیشتن و پێكەوەیی و هاریكاری و هاوبەشیی ڕاستەقینە و بەشداریی كارای هەمووان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیارە نیشتمانییەكاندا.