لە دهۆك چوار ملیار و نیو دینار بۆ چەند پڕۆژەیەك خەرج كرا

:: AM:09:57:06/05/2026 ‌
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سێ فەرمانی وەزاریدا، ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 4,405,743,000 دینار دا، بەمەبەستی جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی دهۆك و تەناهی لە پارێزگای دهۆك.

ئەو گوژمانە لەسەر ڕێژەكانی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی تەناهییە، كە‌ بەپێی ڕێنوێنییەكانی دارایی تایبەت بە داهاتەكان، لەسەر پلانی ساڵی 2026 بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی سنووری شاری دهۆك لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، ڕەزامەندیی خەرجكردنی دراوە.

وردەكاریی پڕۆژەكان:
گوژمەی 3،035،763،000 دینار، لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك.

گوژمەی 1،337،158،000 دینار، لەسەر ڕێژەی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی تەناهی، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی ناوخۆیی لە كەرتی 10ی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی تەناهی.

گوژمەی 32،822،000 دینار، لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی تەناهی، بەمەبەستی دروستكردنی شەقامی ناوخۆیی لە سنووری ئەو سەرۆكایەتییەی شارەوانی.


وشە - رامیار جەواد