بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم دادگاییكردنی عەجاج بەڕێوە بچێت. پارێزەرێكی دۆسیەی ستەملێكراوان و ئەنفالكراوان دەڵێت، گرنگە نوێنەری قوربانیان ئامادەبن لە دانیشتنەكەدا، لە وەرگرتنی وتەكانیشی ددانی بەهەموو شتێك داناوە.
ئەیاد كاكەیی پارێزەری دۆسیەی كورد لە دادگا، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
زیاتر گوتی، ئەو دادگایە لە بەغدایە، تایبەتە بە دادگاییكردنی سەرانی رژێمی بەعس، پێشتر لقی لە چەند شارێكی تریش هەبوو، بەڵام داخراون و تەنیا لقی بەغدا ماوە.
دەشڵێت، بۆ ئەمڕۆ زۆر گرنگە نوێنەری قوربانیان ئامادەبن لە دانیشتنەكەدا، بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری قوربانیان لە چەمچەماڵ و خورماتوو و گەرمیان و كۆیە و هەڵەبجە بانگهێشتی دادگاییەكە كراون.
باسی لەوەش كرد، لە دۆسیەكەدا عەجاج كە بەڕێوەبەری گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە، ددانی بە سەرجەم تاوانەكانیدا ناوە كە تاوانەكانی بریتین لە ئەشكەنجەدان و برسیكردن و دەستدرێژیكردنە سەر ژنان و چەندان تاوانی تر.
روونی كردەوە، عەجاج كە ددانی بە تاوانەكانیدا ناوە، ئەمە وایكردووە كارێكی وا نەمێنێتەوە بۆ دادگا و تەنیا گوێ لە گوتەی چەند سكاڵاكارێك بگیرێت، بۆیە ئومێد دەكەین ئەمڕۆ پێنجشەم دادگا بڕیاری كۆتایی بدات.
عەجاج ئەحمەد حەردان زعێت لە ساڵی 1960 لە تكریت لە دایك بووە، سەرباز و بەرپرسی ئاسایشی زیندانی نوگرەسەلمان بوو، خەڵكی شارۆچكەی تكریتە لە پارێزگای سەڵاحەدین و كوڕە گەورەی خێزانەكەیەتی و پێنج برای هەیە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر، واتە عەشیرەتەكەی سەدام حوسێن، لە 14ی تەمووزی 1985 بە پلەی مولازم دەرچووە و بووەتە ئەفسەری ئەمن، لە چوار ناوچەی جیاوازی پارێزگای موسەنا كاری كردووە و دوایین ئەركی لە زیندانی نوگرەسەلمان بوو، دوایین پلەشی مولازمی یەكەم بوو و لە ساڵی 1990 لە خزمەت بەخشراوە و خانەنشین كراوە، هەرچەندە ئەوكاتە 30 ساڵ بووە.
عەجاج دوو ژنی هەبووە، یەكەمیان لە ساڵی 1989 هێناویەتی و دووەمیان لە ساڵی 2017، دوای خانەنشینبوونی خەریكی جووتیاری و كشتوكاڵ بووە، دەگوترێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ماڵی لە كەركووك بووە، دواتر بەرەو سووریا هەڵهاتووە دواتر گەڕاوەتەوە بۆ تكریت.