د. سارا موحسین: ئۆپۆزسیۆنی كورد مامەڵە لە سێبەردا دەكات

:: PM:01:40:07/05/2026 ‌
یەكێك لە ئەندامانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و كاندیدی پێشووی هەڵوێست رای گەیاند، دووفاقیی بەشێك لە لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان، بۆ خۆی بووەتە هونەرێك بە تایبەت لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا.

د. سارا موحسین كە پێشتر یەكێك لە چالاكەكانی گرووپەكەی عەلی حەمەساڵح بوو، لە نووسینێكیدا بەناوی "كاتێك درۆ دەبێتە سیاسەت: حەقیقەت چاوەڕێی ساتی ئاشكرابوونی خۆی دەكات" رای گەیاند،  لە بەغدا جۆرێكن و لە كوردستانیش جۆرێكی تر.

سارا موحسین دەڵێ، دووفاقیی بەشێك لە لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان، بۆ خۆی بووەتە هونەرێك بە تایبەت لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا. لەناو هەرێمدا قسەی شۆڕشگێڕانە، ڕەتكردنەوەی بەشداریكردن لە حكوومەت، قسەی گەورە و گوتاری  ئاگرین  لەبارەی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هاوكات پێشاندانی وێنەیەكی هزری  ئۆپۆزسیۆنێكی "پاك و بێگەرد" كە سازش ناكات دەكەن.

"بەڵام لە بەغدا؟ هەمان ئەو لایەنانە پۆشاكێكی فەرمی دەپۆشن و بە ئارامییەوە لە دەرگای هاوپەیمانییەكانەوە دەچنە ژوورەوە، كە لە كوردستان بە "هێمای گەندەڵی" و "دوژمنی گەل" وەسفیان دەكردن. لە ناكاو یادەوەرییان دەسڕێتەوە، پرەنسیپەكان دەخرێنە پشووەوە و ئامانجە باڵاكەش  دەبێتە: "خزمەتكردنی خەڵك"، بێگومان لە ناو وەزارەتەكانی حكوومەتی ناوەندەوە. ئەمەیە  نیفاقی ئاشكرا و مامەڵەكردن لە سێبەردا".

بەبۆچوونی سارا موحسین، كارەسات ئەوەیە كە چاوەڕێی ئەوە دەكەن خەڵك باوەڕ بەم شانۆ و چەواشەكارییە بكەن. لێرەدا دژایەتییەكی شەرەفمەندانە، هاوبەشییەكی زۆرەملێ هەیە، لێرەدا بنەماكان، "ریالیزمی سیاسی" هەیە. وەك ئەوەی هاووڵاتی درك بەوە نەكات كە تاكە نەگۆڕ لە تەواوی ئەم هاوكێشەیەدا، كورسیی دەسەڵاتە نەك پرەنسیپ خۆی.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، چەند وەشان و گوتاری جیاوازیان هەیە، وەشانێك بۆ هەرێم، وەشانێك بۆ بەغدا و ڕەنگە وەشانی یەدەگ بۆ هەر دانوستانێكی داهاتوو.



وشە - سۆران عەزیز