هۆزان شێخ مەزهەر: قوباد تاڵەبانی پڕۆژەکانی لێ زەوت کردووم و هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکرێت

:: PM:06:10:08/05/2026 ‌
هۆزان شێخ مەزهەر کاکی هیرانی، بە فەرمی کۆتاییهاتنی تەواوی پێوەندییە حزبی و ئۆرگانییەکانی خۆی لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند و ئاشکرای کرد کە بە هۆی "زوڵم و تەعەدای قوباد تاڵەبانی و لێپرسراوی نووسینگەکەی" و هەڕەشەی فڕاندن، ناچار بووە ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکات.

لە راگەیەندراوێکدا، هۆزان شێخ مەزهەر هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر سیاسەتی ئێستای حزبەکە گەڕاندەوە و رەخنەی توند لەو کەسانە دەگرێت کە ئێستە یەکێتی بەڕێوە دەبەن، و تۆمەتباریان دەکات بەوەی کە تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نایاسایی و قوڵبڕینی خەڵک کار دەکەن و ڕێز لە خەڵکی ڕەسەن ناگرن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، هۆزان شێخ مەزهەر باسی لەوە کرد کە قوباد تاڵەبانی و تیمی نووسینگەکەی لە سلێمانی، دەستیان بەسەر پڕۆژەکانیدا گرتووە و بڕی ملیاران دیناریان لێ زەوت کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای دەرکردنی لە سلێمانی، تیرۆری مەعنەوی کراوە و بەردەوام هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە، ئەمەیش وای لێ کردووە بۆ پاراستنی ژیانی، وڵات جێبهێڵێت.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە هەموو بەڵگەکان لای خۆی پارێزراون و لە کاتی گونجاودا بڵاویان دەکاتەوە، و هەرگیز لە مافە حەقەکانی خۆی پاشەکشە ناکات.



وشە - وشه‌