ئەم هەفتەیە گەرما دەست پێ‌ دەكات و هەورەبروسكەش دەبێت

:: AM:09:31:09/05/2026 ‌
پێشبینییەكان بۆ ئەم هەفتەیە، هاتنی گەرمایە و ئەگەری هەورەبروسكەش هەیە، شارەزایەكی كەشناسیش وردەكاریی زیاتر باس دەكات.

ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ئەنجامی لاوازبوونی كاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆ لەسەر كەش و بەرگەهەوای ناوچەكانمان، چالاكبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەك لە دەریای سوورەوە، سبەی یەكشەم پلەكانی گەرما بەرزبوونەوەیەكی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت.

زیاتر گوتی، لە رۆژی دووشەمدا كاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمە زیاتر هەڵدەكشێت و لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، پلەی گەرما چەند پلەیەك بۆ سەرووی 30 پلەی سەدی بەرز دەبنەوە، لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای كەركووك و ئیدارەی گەرمیانیش، نزیك دەبێتەوە لە 40 پلەی سەدی و كەشی گەرمای هاوینەیی دەست پێ دەكات.

ئاماژە بەوەش دەكات، بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەكی سارد بۆ چینە بەرزەكانی بەرگەهەوا، ئەگەر هەیە لە رۆژانی سێشەم و چوارشەم، حاڵەتێكی ناجێگیری كەش بەلاوازی لە چینە بەرزەكانی بەرگەهەوادا دروست ببێت. ئەنجام لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا ئەگەر هەیە هەورەبروسكەی بنكە بەرزی وشك لە ئاسمانی ناوچەكەدا چالاك ببێت و لە هەندێ شوێنیشدا نمەبارانێكی كەم ببارێت، بەڵام زیاتر هەورەبروسكەكان وشك دەبن و بارانبارینیان نابێت، ئەمەش تا ئاستێك لەم كاتەدا مەترسی دروست دەكات كە بەركەوتنی هەورەبروسكەكان بەو  شوێنانەی گژوگیا زەرد بووە و دەبێتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر .



وشە - رامیار جەواد