پارێزگاری لە ژینگەی كوردستان وایكردووە ورچ لە كۆڵانەكان پیاسە بكات

:: AM:11:30:09/05/2026 ‌
بەهۆی رێگریی لە راوكردن، وایكردووە ئاژەڵەكان نزیك ببنەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، هاوكات چەند باڵندەیەكی دەگمەنیش بۆ یەكەمجار بینران.
 
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو كراونەتەوە لە كامێرای چاودێری تۆمار كراون، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە كاولۆكانی رواندز، ورچێك لە ناو كۆڵانی ئەو گەڕەكە دەسووڕێتەوە.

بۆ ئەوەی هەم ورچەكە زیانی پێنەگات و هەم خەڵكی سەلامەت بن، تیمێكی بەرگریی شارستانی ورچەكە دوور دەخەنەوە بۆ ناو سروشتی كوردستان.

ئەم ورچە ئێستە لە بەری چیای هەندرێنە، بەرگریی شارستانی داوا هاووڵاتییان دەكات وێڕای ئەوەی وریای خۆیان بن، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بیر لە تەقەكردن یا زیانگەیاندنیان بە ورچەكە نەبێت، بەپێچەوانەوە ئەنجامدەرانی سزا دەدرێن.

مولازم سدیق حەسەن بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان ڕای گەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، جۆرە باڵندەیەكی دەگمەن بە ناوی (شیكرا) لە ژینگەی دەڤەری بارزان بینرا و تۆمار كرا. ئەم باڵندەیە زیاتر لە ناوچە گەرمەكانی كیشوەری ئاسیا، هیندستان، پاكستان و بەشێكی ئەفریقا دەژین، بەڵام ئێستە لە بارزانی وەك ژینگەیەكی لەبار هەڵبژاردووە.

ئەوەشی خستە ڕوو كە تەنیا لەمساڵدا نۆ جۆری نوێی باڵندە لە دەڤەرەكە تۆمار كراون.




وشە - رامیار جەواد