بڕیارە سبەی جووتیارانی كورد و عەرەب دژی حكوومەتی عێراق، خۆپێشاندان ئەنجام بدەن و ئەو حكوومەتە ناچار بكەن تەواوی گەنمی جووتیاران وەربگرێت.
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، شوان شوانی نوێنەری جووتیارانی سنووری كەركووك، بە "وشە"ـی راگەیاند، سبەی جووتیارانی كورد لە بەغدا هاوشانی جووتیارانی پارێزگاكانی باشووری عێراق، خۆپێشاندان دەكەن.
زیاتر گوتی، جووتیارانی عێراق و باشووری كوردستان وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بڕیاری حكوومەت بۆ دابەزینی نرخی كڕینی گەنم، لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپێشاندان دەكەن.
باسی لەوەش كرد، بڕیاری كەمكردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنم و كەمكردنەوەی نرخ، گەورەترین ستەمە لە جووتیاران دەكرێت، بۆیە ئێمە چیتر قبووڵی ناكەین و دەبێت حكوومەت بڕیاری خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
روونی كردەوە، عێراق پێویستی بەو بڕە گەنمە هەیە، بەڵام بەردەوامیی هێنانی بەنایاسایی گەنم لە وڵات، وایكردووە تەواوی گەنمەكەمان وەرنەگیرێت.