شەش پڕۆژەی گرنگ حكوومەتی كوردستان بۆ دابینكردنی ئاو كاریان تێدا دەكات

:: AM:10:30:10/05/2026 ‌
كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان بەردەوامە، ئێستە شەش پڕۆژەی گرنگ كاریان تێدا دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی ئایار، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیجیی ئاو دراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت، ئەوانیش بریتین لە:

پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی سێیەمی بۆڕیی ئاوی دوكان – سلێمانی (دەستبەكار بووە). پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی سێیەمی بۆڕیی ئاوی دوكان – سلێمانی یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری.

پڕۆژەكە ئامانجی سەرەكی دابینكردنی بڕی پێویستی ئاوی خواردنەوەیە بۆ دانیشتووانی شاری سلێمانی و قەزا و شارەدێیەكانی دەوروبەری (وەك چەمچەماڵ، بازیان، و پیرەمەگروون) بۆ چەندان دەیەی داهاتوو، بە جۆرێك كە پشت بە هێڵە كۆنەكان (هێڵی یەكەم و دووەم) نەبەسترێت كە زۆر كات تووشی شكان و گرفت دەبن.

چاوەڕوان دەكرێت ئەم هێڵە توانای گواستنەوەی بڕێكی زۆر ئاوی هەبێت، ئەویش 12  هەزار مەتر سێجا لە سەعاتێكدا، بۆڕییەكە لە سەرچاوەی ئاوی دوكانەوە دەست پێ دەكات و تا وێستگەكانی دابەشكردن لە سلێمانی درێژ دەبێتەوە.

سەرەتا بودجەی پڕۆژەكە نزیكەی 293 ملیۆن دۆلار بوو، پاشان بۆ 398 ملیۆن دۆلار زیاد كرا، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە كوالێتی و خێراكردنی كارەكان، سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا بودجەكەی بۆ پتر لە 423 ملیۆن دۆلار بەرز بكرێتەوە. 

پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش (دەستبەكار بووە) پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی بەردەڕەش یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە تێچووی نزیكەی 428ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت.

 ئامانجی سەرەكیی ئەم پڕۆژەیە دابینكردنی ئاوی خاوێن و بەردەوامە بۆ قەزای بەردەڕەش و دەیان گوند و شارەدێی دەوروبەری، ئاوی خاوێن بۆ زیاتر لە 70 گوند و سێ‌ شارەدێی سەر بە قەزای بەردەڕەش دابین دەكات.

پڕۆژەی ئاوی ڕیسایكلینی ئاوی قورس لە هەولێر، تێچووی پڕۆژەی ستراتیجیی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی هەولێر بە چەند قۆناغێك خەمڵێنراوە و بە هاوكاری ئاژانسی جایكا (JICA) ی ژاپۆنی و حكوومەتی هەرێم جێبەجێ دەكرێت.

بودجەی گشتی ئەم پڕۆژە ژینگەییە گەورەیە نزیكەی 579 ملیۆن دۆلارە، قۆناغی یەكەم، تێچووی ئەم قۆناغە كە تایبەتە بە تۆڕی ئاوەڕۆ و چارەسەركردن، بە 288 ملیۆن دۆلار دیاری كراوە و لەلایەن ژاپۆنەوە بە قەرزی درێژخایەن دابین كراوە. 

بودجەی خەمڵێنراو بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلارە، خاڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەكە بەتوانای كاركردن دەتوانێ ڕۆژانە 840,000 مەتر سێجا ئاوی قورس چارەسەر بكات.

پڕۆژەكە وا دیزاین كراوە كە بۆ 30 ساڵی داهاتوو پێداویستییەكانی شاری هەولێر پڕ بكاتەوە، وێستگەكە لەسەر ڕووبەری 205 دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر دروست دەكرێت.

پڕۆژەی ئاوی كۆیە (پڕۆژەی ستراتیجی) لە تشرینی یەكەمی 2025، حكوومەتی هەرێم بڕی 112 ملیار و 147 ملیۆن دیناری بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان كرد.

پڕۆژەكە بە دیزاینی پێشكەوتووی ئەوروپی و تەكنەلۆجیای سەردەمییانە لەلایەن كۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت.

ئامانجی دابینكردنی ئاوی خاوێن بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ دانیشتووانی كۆیە كە بەهۆی گەشەی دانیشتووان و فراوانبوونی شارەكەوە (بە تایبەت دوای تەواوبوونی ڕێگەی ستراتیجیی هەولێر-كۆیە) پێویستییەكی زۆریان بە ئاو هەیە.

پڕۆژەی ئاوی سۆران یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئامانجی چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەی كەمئاوییە لە ناوچەكەدا.

سۆران پێویستی بە نزیكەی چوار هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە لە سەعاتێكدا، بەڵام پڕۆژە كۆنەكان تەنیا سێ‌ هەزار مەتر سێجا ئاویان پێ‌ دابین دەكرا. ئەم پڕۆژە نوێیە بۆ پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە و دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دەیان ساڵی داهاتوو داڕێژراوە، بە تەواوبوونی ئاستی دابینكردنی ئاو دەگاتە 10 هەزار مەتر سێجا لە سەعاتێكدا.

حكوومەت دووپاتی لەسەر گۆڕینی سیستمی دابینكردنی ئاو دەكاتەوە لە بیرەوە بۆ ئاوی سەر زەوی (وەك ڕووبارەكان) بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی. ئەم پڕۆژانە بەشێكن لە پلانێكی فراوانتر بۆ گۆڕینی سۆران بۆ ناوچەیەكی گەشتیاری و پیشەسازی كە تێیدا ئاسایشی ئاو مسۆگەر كرابێت.

پڕۆژەی ئاوی كەلار یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان كە ئامانج لێی دابینكردنی ئاوی خاوێنە بۆ دانیشتووانی شاری كەلار و دەوروبەری.

پڕۆژەكە توانای پاڵاوتن و دابەشكردنی بڕێكی زۆر لە ئاوی خاوێنی هەیە، نزیكەی چوار بۆ پێنج هەزار مەتر سێجا لە سەعاتێكدا كە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە كەلاردا.

سەرچاوەی ئاو پڕۆژەكە ئاو لە ڕووباری سیروانەوە وەردەگرێت و دوای پاڵاوتن بەپێی ستانداردە تەندروستییەكان، بۆ ناو گەڕەكەكان دەگوازرێتەوە.

پڕۆژەكە چەندان بەش لەخۆ دەگرێت، لەوانە وێستگەی ڕاكێشانی ئاو، چەندان گەنجینەی گەورەی ئاو (تانكی)، تۆڕی دابەشكردنی ئاو بە درێژایی دەیان كیلۆمەتر و وێستگەی بەهێزكردنی پاڵنەری ئاو.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا گرنگییەكی تایبەت بەم پڕۆژەیە دەدات بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا تەواو بكرێت و بچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، بە تایبەت بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی.


وشە - رامیار جەواد