ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی لەبارەی داخستنی نەخۆشخانەی (میهرەبانی)

:: PM:02:04:10/05/2026 ‌
وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی رای دەگەیەنێت، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لە سۆشیال میدیا كە تێیدا خاوەنی نەخۆشخانەی (میهرەبانی) باس لە داخستنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكەی دەكات، چەند تۆمەت و زانیارییەكی ناڕاست لەبارەی "دەستەبەری كۆمەڵایەتی" دەخاتە ڕوو، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران/هەولێر، بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانە بۆ ڕای گشتی و بەتایبەت بۆ كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەت و خاوەنكاران ڕوون بكەینەوە:

وەزارەتی كار دەڵێت، خاوەنی نەخۆشخانەكە ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی نوێ نەكردنەوەی مۆڵەت ئەم ڕێكارەیان بەرانبەر گیراوەتە بەر، هاوكات دەڵێ ماوەی (18) مانگە پارەی بەشدارییەكانی دەستەبەری كرێكارانیان نەداوە و نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتیش "تاوانی ئەوان نەبووە"، گوایە سێ مانگە داوا دەكەن پارەی بەشدارییەكانیان لێ وەربگیرێ، كەچی مامەڵەكانیان بۆ ڕایی ناكرێت.

روون كراوەتەوە، هەرچەندە لەناو ئەم دوو لێدوانە دژیەكە خۆی وەڵامی خۆی داوەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك ڕوونتر بێت ڕای دەگەیەنین، نەخۆشخانەیەك (18) مانگ سەرپێچیی یاسایی كردبێت و ئامادە نەبووبێت مافی كرێكار و كارمەندەكانی بدات بە دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سێ مانگ بكاتە بیانوو لە نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتەكەی (كە دوورە لە ڕاستی)، ئەمە جگە لە دەرخستنی كەمتەرخەمییەكانی خۆیان، هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت، هەروەها دەبێت ئەوە بڵێین كەمتەرخەمییەكانی ئەم نەخۆشخانەیە تەنیا هی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو پێشتریش لە 10/7/2023 داوای زانیاریی لێ كراوە بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكی كارمەندی (دامەزراو و دانەمەزراو)، كەچی دوای زیاتر لە سێ مانگ و لە ڕێكەوتی 15/10/2023 زانیاریی بۆ هێناوین، ئەو سێ مانگ دواكەوتنەی ئەمساڵیش كە باسی دەكات، خۆی لە هێنانی زانیاری دوا كەوتووە و لە كۆتایی مانگی سێی ئەمساڵ نووسراوی زانیاریی بۆ هێناوین، نەك سێ مانگ لەمەوبەر. 

ئەو وەزارەتە باسی ئەوەشی كردووە، لە بەشێكی تری قسەكانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی وەك خاوەنكارێك، سوودەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە پێناو دابینكردنی هەلی كار بۆ ئەو كەسانەی لە كەرتی گشتی دانەمەزراون دەرچووە، شی دەكاتەوە و بە "زوڵم" لە كرێكاران و خاوەنكاران لێكی دەداتەوە.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین، بەپێی یاسای ژمارە 39 ساڵی 1971 یاسای خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، پێویستە مانگانە خاوەنكاری هەر پڕۆژەیەك لە كاتی خۆی پارەی بەشدارییەكانی كرێكارانی كە لە پڕۆژەكەی كار دەكەن بدات، ئەگەر نەیدات، ئەوا ڕێكاری یاسایی و سزای دواكەوتنی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، هەروەها پارەی بەشدارییەكانی كرێكاران (5%)ی لە ئەستۆی كرێكار و (12%)ی لە ئەستۆی خاوەنكارە، چەواشەكاری لەبارەی  سوودەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لەلایەن خاوەنكارێك لە خەمی ئەو بڕە پارەیەیە كە دەبێت خۆی بۆ كرێكارەكە بیدات، نەك "زوڵم و خواردنی پارەی كرێكار لەلایەن حكوومەت" كە ئەم بەڕێزە ئاماژەی پێ دەدات، چونكە سوودەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی تەنیا ئەوە نییە كە ئەم لێی تێگەیشتووە گوایە تەنیا دانەوەی ڕێژەی (%٨)ی پارەكەیە بە كرێكار، دەستەبەری كۆمەڵایەتی چەندان خزمەتگوزاری بۆ كرێكاران دەگرێتەوە وەك:

(خانەنشینكردنی كرێكار بەپێی ساڵەكانی خزمەتی، خانەنشینكردنی كرێكار كاتێك تووشی پێكانی كار دەبێت، بڕینەوەی مووچەی خانەنشینی بۆ جێماوەكانی ئەو كرێكارانەی كە بە هەر هۆكارێك گیان لە دەست دەدەن، گواستنەوەی خزمەت بۆ كەرتی گشتی لە كاتی دامەزراندن و....) و چەندان سوودی تر كە كرێكاران لێی سوودمەند بوونە و دەبن، ئەمە جگە لە دانەوەی پارەی پاداشتی كۆتایی خزمەت كە ساڵانە چەندان ملیار دینار دەدرێتەوە بە كرێكاران، ئەو پارەیەش كە لە سندووقدا دەمێنێتەوە، داهاتی خەزنەی كرێكارانە و بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار نایەت.

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەی ئەو كەسە لە مانگی 10ی 2024 تا ئێستە پارەی بەشدارییەكانی نەداوە كە دەكاتە (19) مانگ، ئێمە وەك ئەركێكی سەر شانمان بەپێی یاسا لەم ماوەیەدا هەر كرێكارێك داوای هەریەك لە مافەكانی كردبێت یان بیكات؛ بۆی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئەی كێ مافی ئەو كرێكارانە دەگەڕێنێتەوە كە لە ماوەی ئەم (19) مانگەدا لەم نەخۆشخانەیە كاریان كردووە و دەستەبەر نەكراون؟ ناچارین ئەمە بۆ دادگا جێبهێڵین، تا هەم ڕاستكردنەوەی قسەكانی خاوەنی نەخۆشخانە و هەم گەڕاندنەوەی مافەكانی كرێكاران لە ئێستە و (19) مانگی ڕابردوو یەكلا بكاتەوە.




وشە - رامیار جەواد