لەبارەی گیراوانی لالەزار بەرەی گەل ئامادەكاری بۆ هەڵوێستێكی جیاواز دەكات

:: PM:07:48:10/05/2026 ‌
بەرەی گەل ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی دوای دانیشتنی رۆژی پێنجشەمی دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای هەڵوێستی جیاوازتر پێشان بدەن و سەرچاوەیەكیش دەڵێ‌، لاهوور شێخ جەنگی چاوەڕوانی دادگایكردنی رۆژی پێنجشەم دەكات. 

رۆژی پێنجشەمی رابردوو، دادگایكردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ ژمارەیەك لە گیراوانی تری لالەزار دادگایكران، بەڵام دوای سەعات و نیوێك لە دانیشتن و پێشاندانی بەڵگەكان بە داواكراوان، دانیشتنەكە دواخرا بۆ ئەم پێنجشەمەیە. 

ئەمڕۆ یەكشەم 10 ئایار، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكات، بە "وشە"ی گوت، بە ڕێنوێنی تیمی پارێزەران و ئەوانەی كار لە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی دەكەن، تا ئەم پێنجشەمەیە بەرچاوڕوونی لە دۆسیەكەدا دەردەكەوێ‌. 

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە بەرەكەیان لەگەڵ ماڵباتی لاهوور شێخ جەنگی چاوەڕوانی ئەو دانیشتنە دەكەن بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوون بن و دوای ئەوە هەڵوێست و هەنگاوی تر لەوبارەیەوە دەنێن. 

سەرچاوەكە ئامادە نەبوو باسی هەڵوێستەكەیان بكات، بەڵام گوتی، تەنانەت لاهوور شێخ جەنگی خۆیشی هەر چاوەڕێی ئەوە دەكات دادگا ئەم پێنجشەمەیە بە بڕیارێكەوە لەبارەی دۆسیەكە دەربچێ، چونكە پێشتر ئەو بۆ دادگایكردنی مانی گرتبوو. 

لەلایەكی ترەوە بورهان رەشید گوڵە سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ی گوت، ئەم پێنجشەمەیە بەرچاو ڕوون دەبن لەسەر دۆسییەی دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی، چونكە ئەوان هێشتا لە نەچوونەتە ناوەڕۆكی داواكە و تەنیا لە "شكڵییەتی" داواكەدا ماونەتەوە. 

پێنجشەمی رابردوو دادگایكردنی لاهوور شێخ جەنگی و نۆ كەسی تر لە گیراوانی لالەزار بەڕێوەچوو، بەڵام دادگا هیچ بڕیارێكی نەدا. 

شەوی 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو، چەكدارانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتیڵ لالەزار و دوای دوو سەعات لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەك لایەنگری تریان گیران، جیا لەوەی چەندان كەس سووتان و كوژران، ئێستەیش بە گوێرەی مادەی 52 دادگایكردنی ئەوان بەڕێوە دەچێت. 
 



وشە - وشه‌