بنەسڵاوە دەبێتە پایتەخی نەمامە گوڵ زەردەكە

:: AM:10:40:11/05/2026 ‌
چاندنی هەزاران نەمامی ئەكاسیا لە سنووری قەزای بنەسڵاوە وایكردووە بە تەواوەتی سەرنجی هاووڵاتییان رابكێشێت. سەرۆكی شارەوانی دەڵێت، زیاتری دەكەین.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی ئایار، زریان سەباح سەرۆكی شارەوانیی بنەسڵاوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، چاندنی ئەكاسیا لە سنووری بنەسڵاوە جوانییەكی تایبەتی بە شەقامەكان بەخشیوە، بۆیە بڕیار دراوە زیاتر بچێنرێت.

باسی لەوەش كرد، كاردانەوەی زۆری هاووڵاتییانمان بۆ هاتووەتەوە كە نەمامی ئەكاسیاییەكان زۆر سەرنجی راكێشاون، بۆیە بڕیار دراوە چەند هەڵمەتێكی تری چاندنی ئەو نەمامە ئەنجام بدەین.

دەشڵێت، بڕیار دراوە سەرجەم دوورگەكانی ناوەندی لە سنووری بنەسڵاوە دابچێنرێت، ئەوەیش جوانیی خۆی دەبێ، هەروەها بۆ گەڕەكەكانیش بۆ سێبەری هاووڵاتییان بڕیار دراوە دار توو بچێنرێت.

روونی كردەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا 11 هەزار نەماممان چاندووە و ئێستە پێگەیشتوون، بۆیە ئاوا سەرنجی هاووڵاتییانی راكێشاوە، لە رۆژانی داهاتووشدا هەڵمەتێكی تری فراوان ئەنجام دەدەین.


وشە - رامیار جەواد