ژمارەیەكی زۆر فەرماندە و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، ناویان لە بەرزكردنەوەی پلە گەڕایەوە، ئەو پلە بەرزكردنەوەیەش بۆ ساڵی 2022 و 2023 و 2024 دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 11ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە، خشتەكانی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرە قارەمانەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگەیەنین.
دەشڵێت، لە سەرەتای دەستبەكاربوونمانەوە كە وەك تیمێكی یەكگرتوو هەوڵێكی زۆرمان داوە تا ئەم پرۆسەیە لە كات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بكەین؛ بڕوای تەواومان وایە كە بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەكی نوێ و پاڵنەرێكی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەكی بەرزترەوە وەك قەڵایەكی پۆڵایین لە پارێزگاریكردن لە خاك و شكۆی گەلی كوردستان بەردەوام بن.
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، دڵنیایی بەو ئەفسەرانە دەدەین كە ناویان لە خشتەكانی تردایە، بە زووترین كات شایستەی بەرزكردنەوەی پلەكانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ئەو پلە بەرزكردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەفسەرانەی كە ناویان هەیە لە خشتەی بەرزكردنەوەی پلەی (ئەیلوولی 2022 و نەورۆز و ئەیلوولی 2023 و نەورۆزی 2024) ی ئەفسەران، ژمارەشیان دوو هەزار و 364 ئەفسەرە.