محەمەد نووری: بەپلان و هاوكاریی وڵاتان بەرگریكردن لە كوردبوون بووەتە شوورەیی

:: PM:02:38:11/05/2026 ‌
دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی پێشنیاری پۆستێكی لە پشكی كورد بۆ سەردار عەبدوڵا كرد، كەچی ئەو كەوتە بەر هێرش و پەلاماری كۆمەڵێك میدیا و دامەزراوە، بەبڕوای نووسەرێكی سلێمانی ئەو دەزگا و دامەزراوانە كار بۆ دوژمنی كورد دەكەن.

محەمەد نووری لەبارەی ئەو هێرش و پەلامارەی دەكرێتە سەر سەردار عەبدوڵا كە پێشنیاری پۆستێكی لەلایەن سەرۆك بارزانی بۆ كرابوو  دەڵێت: ئەو شەڕەی ئێستە بە سەردار دەفرۆشرێت، هۆكارەكەی ئەو تەوژمە ناشیرین و نائەخلاقییەیە كە خەریكە لە ناوماندا دەچەسپێت.

نووری ئاماژەی بەوەش كردووە، بەرگریكردن لە كوردبوون و كوردپەروەری دەبێتە شوورەیی و جێی تانەدان كە ئەمە بۆ شكاندنی رۆحی بەرگرییە لە كوردبوون. ئەوەی دوژمن بە تانك و كوشتن نەیكرد، ماوەیەكی زۆرە دەیەوێت بە دروستكردنی تەوژمێكی سیاسی و میدیایی و گشتی بیكات.

"دەنگۆی كاندیدكردنی سەردار عەبدوڵا بۆ پۆستێكی وەزاری لە بەغدا، هەر لایەن و كەسایەتییەكی سیاسی كردبێتی، هەواڵێكە جێی دڵخۆشییە. جا سەربگرێت یان سەرنەگرێت، گرنگ نییە." محەمەد نووری وادەڵێت.

بە بڕوای محەمەد نووری، سەردار پیاوێكی كوردپەروەر و وریایە، كەسێكی عاقڵ و ورد و پڕ زانیارییە. لە دنیای ئێستەی ئێمەدا كەم كەس هەن خەریكی كاروباری سیاسەتكردن بن، بەڵام بە عاقڵی و خوێندەواریی چووبنە ناو ئەو بوارە. سەردار لەو كەسە دەگمەنانەیە كە پێش ئەوەی كەسێكی سیاسی بێت، رۆشنبیر و خوێندەوارە و دنیابینیی تایبەت و تێگەیشتووی هەیە. خۆزگە نووسین و چاوپێكەوتنەكانی ببینن، ئینجا خوێندەواریی سیاسیی ئەم مرۆڤەتان بۆ دەردەكەوێت.

بەبڕوای محەمەد نووری، ئەو شەڕەی ئێستە پێی دەفرۆشرێت، تەوژمێك دروست بووە كە ئاراستە دەكرێن،  بەرگریكردن لە گەلی خۆت بە شوورەیی دابنرێت، بەڵام موتیعبوون و سازشكردن بۆ بەرانبەر و نەیارەكان، بە وریایی و لێزانی هەژمار بكرێت. تاكە تاوانی سەردار لەناو ئاپۆڕای ئەو لەشكرەدا ئەوەیە كە كەسێكی كوردپەروەرە.

"خۆشەویستیی وڵات دوور لە لایەنداریی كارە مەزنەكەی مرۆڤە، چەرچڵ دەمێكە گوتوویەتی: ئەو تاوانانەی كە بۆ گەلی بەریتانیام كردووە، ئەگەر بە تاوان دابنرایە، دەبوایە هەموو ژیانم لە بەندیخانە بوومایە".




وشە - سۆران عەزیز