عەمید محەمەد عەتییە بەڕێوەبەری پۆلیسی كاروباری ناوخۆ لە كەركووك، بەتۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانەوە گیرا.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركووك ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایاری 2026، "عەمید محەمەد عەتییە لە بەغدا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەر كراوە".
بەگوتەی پۆلیسی كەركووك، ئەم بەرپرسە تۆمەتبارە بەوەی لە بازگەكانی چیمەن و دارەمان، چاوپۆشی لە هێنانەژوورەوەی كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ كردووە، بەتایبەت هێلكە و جگەری بێ مۆڵەت و گومرك، لە بەرانبەردا سەرانەی لە بازرگانان وەرگرتووە".
سەرچاوەكە دەڵێت، "دۆسیەكە ئەو كاتە پێی زانراوە كە دوو كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە بازگەی پردێ گیراون، شەش ماستەركارت و چەند مۆبایلێكیان پێ بووە. ئەو كارمەندانە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ددانیان بەوەدا ناوە كار بۆ بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆ دەكەن، رۆژانە بڕی چوار هەزار دۆلاریان لە بازگەكە بۆ كۆ كردووەتەوە".
دوای گرتنی ئەو دوو كارمەندە، عەمید محەمەد عەتییە هێزێكی جووڵاندووە بە مەبەستی رزگاركردنیان، بەڵام ئەم هەوڵە وایكردووە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و بڕیاری كۆتایی لەسەر لادان و گرتنی بدات.