ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئەم بەیانییە نامەی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە، پێی وایە ئەم حزبە بەر لەوەی لە دایك ببێت مردووە.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئایار، بێخاڵ پێنجوێنی ئەندامی سەركردایەتیی هاوپەیمانی نیشتمانی بڵاوی كردەوە، وەك ڕوونە لە پێناو نەمانی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەری و دیموكراسی، پارتێكی سیاسییان دامەزراند، بەڵام زۆری نەبرد لە قۆناغێكی زۆر كەم و خەباتێكی ئێجگار كەم، چەند سەرۆكێك هاتن و ڕۆیشتن بێ ئەوەی بتوانن بناغەی دەستووری پێڕەوی ناوخۆی حزب دابنێن، هەرزوو مەبەستی تایبەتی خۆیان دەرخست و دەركەوت ئامانجیان حەوانەوەی تایبەتی خۆیانە.
دەشڵێت، لە سەردەمی ئەم سەرۆكە كارەكانی حزب گەیشتنە بەربەست، بێگەڕانەوە بۆ سەركردایەتیی بڕیاری تاكلایەنە دەردەكات، وەك ئەوەی پێگەی سەركردایەتی لای جەنابیان كارتۆنییە، ئەمە سەرەڕای چەندان پێشێلكاری تر.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕوونی كردەوە، لە دەرچوونی ئەم بەیانەوە دوور و نزیك پێوەندیم بەو پارتەوە نەماوە، چونكە بۆم ڕوون بووەتەوە ئەم حزبە بەر لەوەی لە دایك ببێت مردووە.