گوژمەی دووەمی مووچە گەیشت

:: PM:01:58:12/05/2026 ‌
 وەزارەتی دارایی و عێراق بڕی 298 ملیار دینار وەك گوژمەی دووەمی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان هاتە ناردن، ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئایار، سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی راگەیاند، مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەمویل كرا. 

زیاتر گوتی، گوژمەی یەكەم 663 ملیار و 805 ملیۆن دینارە. گوژمەی دووەمیش 298 ملیارە بەوەیش پارەی مووچە گەیشتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوە.
 
یەكشەم وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بڕی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دینار، وەك داهاتی نانەوتی بۆ مانگی نیسان بەشێوەی كاش خرایە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە، كەمێك لەمەوبەر دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق كە سەرجەمی بڕەكەی 961 ملیارو 736 ملیۆن دینارە .      

 هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ بڕی ( ١٦،٦٢٤،٨١٤،٤٧٨ ) 16 ملیار و 624 ملیۆن و 814 هەزار  دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.




وشە - رامیار جەواد