پیسكردنی ژینگە ئێستە سزای لەسەر دانراوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر رای دەگەیەنێت، ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ كاریگەریی زۆری هەبووە و چەند ئۆتۆمبێلێكیش نووسراویان بۆ كراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار، دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پاكڕاگرتنی ژینگە و لە ئەگەری سەرپێچی سزادان راستەوخۆ كاریگەریی زۆرباشی هەبووە.
زیاتر گوتی، بڕیارەكە زۆر كاریگەریی هەبووە و ئێمەیش هیوادارین هاووڵاتییان پێیەوە پابەندبن و سزا نەدرێن بۆ ئەوەی ژینگەكەكان بە پاكی بمێنێتەوە.
باسی لەوەش كرد، زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل كە دووكەڵیان دەكرد، وێنە و ڤیدیۆمان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ نێردراوە، ئێمەیش بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی هاتوچۆی هەولێرمان كردووە بەمەبەستی رێكاری خۆیان.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە وەزارەتی ناوخۆ چەندان رێكاری پێویستی دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی چیتر ژینگە پیس نەكرێت و هاووڵاتییانیش ئەو رێكارانە بە باش دەزانن.