وردەكاریی كارەكانی هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان تەواو بووە، ئەوەی هەیە ئێستە عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی بدات و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق مووچەكانیان وەربگرن.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار، جاسم جەبار ئەندامی كۆمەڵەی زیندانییە سیاسییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستانەوە، سەرجەم كارەكانی هاوتاكردنی مووچە تەواو كراون.
زیاتر گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی زیندانییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ كارێكی نەهێشتووە، ئەوەی ماوە عێراق كە پێشتر بەڵێنی داوە ئێستە بیكات.
ئەحمەد مام ڕەسووڵ بەڕێوەبەری زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دوای هەوڵێكی زۆری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ لیژنەی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەكانی پەرلەمانی عێراق، دواجار بڕیار درا.
ئەحمەد مام ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەش كرد، لە كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2011، ماف و ئیمتیازمان دەدا بە زیندانییانی سیاسی، كە لەگەڵ یاسای عێراقی لە ڕووی دەرماڵەی مانگانەوە جیاوازییەكی زۆری هەبوو، لە كوردستان زۆرترین بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لە پارێزگاكانی تری عێراق ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، بەو پێیەی كە مادەی 15ـی یاسا هەمواركراوەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، سەرجەم زیندانییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ماف و ئیمتیازەكانی بەغدایان دەبێت، ئەمەش بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنرێت.
وەلید سەهلانی سەرۆكی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق ئاشكرای كرد، ئێستە لە هەوڵدان تا شایستە داراییەكانی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان هاوتای عێراق بكرێت، چونكە زیندانیان لەهەر شوێنێكی كوردستان و عێراق بن، هەمان مەینەتییان لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو بینیوە، بۆیە نابێت هیچ جیاكارییەك لە نێوانیاندا هەبێت و پێویستە بەپێی دەستووری عێراق مافەكانیان هاوتا بكرێت.
سەرۆكی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق، نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی لەوەی بەشێكی زۆری زیندانیانی سیاسیی هەرێم تا ئێستە هیچ ماف و شایستەیەك وەرناگرن، یان بڕە پارەیەكی كەم وەردەگرن و شایستەكانیان زۆر كەمە.
دووپاتیشی لەوە كردەوە كە ڕۆڵی سەرەكیی ئەوان، پاراستنی مافی سەرجەم ئەو كەسانەیە كە لە ساڵی 1961ەوە تا كاتی ڕووخانی بەعس لە 2003، سوودمەند بن لە یاساكە، چونكە هیچ جیاكارییەك لە نێوان هیچ كەسێكدا ناكەین و تەواوی زیندانیانی سیاسی بەیەك چاو تەماشا دەكەین.