بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.9 پلە بەپێوەری ڕیختەر، سنووری ئیدارەی گەرمیانی هەژاند و دانیشتووانی ناوچەكە هەستیان پێ كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار، شێروان پێنجوێنی شارەزای كەشناسی و بوومەلەرزەزانی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 13 كیلۆمەتر لە ژێر زەویدا و لە سەعات 7:56ی بەیانی ئەمڕۆ تۆمار كراوە. چەقی لەرینەوەكە ناوچە شاخاوییەكانی "باوەئیسماعیل" بووە كە 13 كیلۆمەتر لە شاری خانەقین و 21 كیلۆمەتر لە شاری كەلارەوە دوورە.
تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانی گیانی یان مادی بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە ڕانەگەیەنراوە، بەڵام بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی ناوچەكە بەهۆی هەستپێكردنی لەرینەوەكە تووشی دڵەڕاوكێ بوون.