لە سۆران بەرزترین پرد لەسەر ئاستی عێراق دروست كرا

:: AM:11:34:13/05/2026 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەوبان، پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی 40 مەتریی سۆران بە سەركەوتوویی تەواو كرد و لە نزیكترین كاتدا بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەكرێتەوە، لەو پڕۆژەیە بەرزترین پردی تێدایە كە لەسەر ئاستی عێراق یەكەمە.

ئەم پڕۆژەیە كە یەكێكە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە هەرە گرنگەكان، كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو شاری سۆران و ئاسانكردنی هاتوچۆ دەبێت.

پڕۆژەكە درێژییەكەی زیاتر لە سێ‌ كیلۆمەترە و هەر سایدێكی سێ لای هەیە، لەگەڵ دروستكردنی شۆستەیەكی فراوان بە پانیی 2.5 مەتر بۆ پیادە و دابینكردنی سەلامەتیی هاتوچۆ. یەكێك لە تایبەتمەندییە دیارەكانی ئەم پڕۆژەیە، بوونی پردێكە بە بەرزیی 32 مەتر كە بە یەكێك لە بەرزترین پردەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دادەنرێت.

لە 28ـی ئایاری 2024، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی دانا، یەكێك لە پڕۆژە ستراتیجییەكان دانانی بەردی بناغەی شەقامی 40 مەتریی سۆران بوو.

ئەم شەقامە دووسایدە پێنج كیلۆمەتر درێژە، شەقامەكە بەرزترین پرد لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت، درێژییەكەی 250 مەترە بەرزییەكەشی 32 مەترە. تێچووی پردەكە 28 ملیار دینارە و كۆی گوژمەی پڕۆژەكە 50 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

ئەمە جگە لەوەی سیمایەكی جوان دەبەخشێت، ڕێگەی ناوەندیی سۆران بە شارۆچكەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی كارئاسانییەكی زۆر هاتوچۆی شۆفێران.


وشە - رامیار جەواد