بڕیاری لە سێدارەدان بۆ عەجاج دەرچوو

:: PM:12:57:14/05/2026 ‌
دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە دووەمین دانیشتنی تایبەت بە دادگاییكردنی عەجاج تكریتی، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەجاج تكریتی سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرەسەلمان دەركرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئایار، ئەكرەم ساڵح سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە ئەنفال، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دادوەر سزای لە سێدارەدانی بۆ عەجاج تكریتی تاوانباری ئەنفال دەركرد.

ئەمڕۆ دادگای باڵای تاوانەكان لە رەسافەی بەغدا، بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسی عەجاج حەردان ئەحمەد تكریتی راگەیاند كە بە "جەلادەكەی نوگرەسەلمان" دەناسرێت، دادوەر بە فەرمی سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارە دەركرد.

عەجاج بەرپرسی ئەمنی گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانە دڕندەكانی ئەنفال، لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا، زیاتر لە 3000 كوردی ئەنفالكراو دەستبەسەر بوون، كە زیاتر لە 1000 كەسیان بەهۆی ئەشكەنجە، برسیەتی و تینوێتییەوە گیانیان سپاردووە.

لە راپۆرتی دادگاكەدا چەندان تاوانی نامرۆیی عەجاج ئاشكرا كران، لەوانە فڕێدانی تەرمی زیندانییەكان بۆ دەرەوە تا لەلایەن سەگی بەڕەڵاوە بخورێن، هەروەها دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان و كچان، كە یەكێكیان كچێكی تەمەن 15 ساڵان بووە و بە بیانووی پاككردنەوەی ژوورەكەی، بردوویەتییە لای خۆی و دەستدرێژیی كردووەتە سەر.



وشە - رامیار جەواد