ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی شەست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەتی یەکێتییەکە و تەواوی مامۆستایانی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە پەیامە پیرۆزەکەیاندا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایانی ڕوانی و ڕای گەیاند، مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو پەروەردەکاری خەمخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن. لە سەردەمی شۆڕش و خەباتدا سەنگەری هۆشیاری بوون و لە ڕۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادیشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگری، نەیانهێشت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بوەستێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەن و پەرەپێدانی تواناکانیان وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکاندا. بۆیە جارێکی تر دووپاتی لە هەموو پشتگیرییەک بۆ داوا ڕەواکانی مامۆستایان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆیان کردەوە کە لەگەڵ ئەرک و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت.
لە کۆتاییدا دەستخۆشیی لە یەکێتیی مامۆستایان کرد کە لە مێژووی خۆیدا هەمیشە چەترێک بووە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان، هاوکات سڵاو و دروودی بۆ گیانی ئەو مامۆستایانە نارد کە تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.