نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەکات

:: PM:02:11:15/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەکاربوونی کابینەکەی، و هیوای تەواوی سەرکەوتنی بۆ خۆی و تیمی حكوومەتەکەی خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە گەورەکانیاندا.

لە پەیامەکەدا هاتووە، هیوادارین دەستبەکاربوونی ئەم کابینە نوێیە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێدان بێت بۆ هەموو عێراق. ئێمە لە هەرێمی کوردستان، ئامادەییی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن توانایە، و عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە شایانی ژیانێکی شایستە، خزمەتگوزاریی باشتر و ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامن.

لە کۆتاییدا ڕای گەیاندووە، متمانەمان هەیە کە بە هەوڵی هەموو لایەک و بە گیانی بەرپرسانەی تەبایی و هاریکاریی نیشتمانی، دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین و پێکەوە ڕووبەڕووی هەموو کێشە و ئاڵنگارییەکان ببینەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود