ئۆتۆمبێل زۆر گران بووە

:: AM:10:23:16/05/2026 ‌
نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، بازرگانێكی ئۆتۆمبێل دەڵێت، هۆكارەكەی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە كە گومرگی زیاد كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، هێمن شێروانی كە بازرگانێكی ئۆتۆمبێلە، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی ئۆتۆمبێل رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

زیاتر گوتی، ئۆتۆمبێلێكی چینی كە پێشتر بە 116 وەرەقە بوو، ئێستە بە 125 وەرەقە دەفرۆشرێت و زۆریش كەمە، ئەو شەڕەشی لە ناوچەكە هەیە وایكردووە هێنانی ئۆتۆمبێل تێچووی زیاتر بێت.

بەپێی نوێترین بڕیاری عێراقیش كە دەستەی گشتیی گومرگ لە جێبەجێكردنی پێناسی نوێی گومرگی دیاریی كردووە، تێیدا باجی ئۆتۆمبێل لە 15٪وە دەست پێ دەكات.

بەگوێرەی بڕیارێكی نوێی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، گۆڕانكاریی لە پێناسی گومرگیی چەند كاڵایەكدا كراوە، بڕیارەكە كە بە بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025 ناسراوە، لە تشرینی ساڵی ڕابردووەوە دەرچووە و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار كراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستەكە ئاشكرای كردووە، ڕێژەی باج لەسەر ئۆتۆمبێل لە 15%وە دەست پێ دەكات، بەگوێرەی جۆری ئۆتۆمبێلەكە و كارایی ژینگەیی (بەئۆتۆمبێلی هایبریدیشەوە) ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە.

بەپێی ئەو بڕیارە ئۆتۆمبێل نرخی بەرز بووەتەوە، عێراقیش ئێستە دەستی بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی كردووە.



وشە - رامیار جەواد