ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە ڕاپۆرتێكدا هۆشداریی دەدات لە خێراكردنی سزای لەسێدارەدان، زیندانیكردن و پچڕانی ئینتەرنێت كە ڕژێمی ئێران وەك ئامرازێك بۆ ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان بەكاری دەهێنێت.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیای باكوری كوردستان، لەبارەی ڕێژەی گیراوەكان و لەسێدارەدراوەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، ڕاپۆرتێكی نوێی بڵاو كردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە 19ـی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستە لانیكەم 32 گیراوی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمەوە لە سێدارە دراون، هەروەها لە خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی گەلانی ئێران زیاتر لە 59 هەزار كەس دەستبەسەر كراون و زیاتر لە سێ هەزار كەس كوژراون كە ناسنامەی دوو هەزار و 570 كەس بە بەڵگە كراوە.
باس لەوەش كراوە، دەیان هەزار كەس لە دەستبەسەركراوانی خۆپێشاندانەكان هێشتا لەناو ژوورە تاكەكەسییەكانی گرتووخانە جیاوازەكاندا لە ژێر گوشارێكی تونددا ڕاگیراون، لە سەرەتاییترین مافەكانی مرۆڤ بێبەش كراون، دەیان گیراوی بەشێوەیەكی گوماناوی و شاراوە بۆ گرتووخانەی ژمارەی سێی قەزڵحەسار گواستراونەتەوە كە پێوەستە بە ددانپێدانانی زۆرەملێ بە ئەشكەنجە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پچڕانی ئینتەرنێت وەك هەوڵێكی ڕاستەوخۆی ڕژێم دەبینرێت بۆ تێكدانی پرۆسەی بە بەڵگەكردن و ڕێگریكردن لە گەیشتنی دەنگی ناوخۆ بە دنیای دەرەوە.
ڕاپۆرتەكە دەریدەخات، ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدان وەك ئامرازێك بۆ دروستكردنی ترس و تۆقاندن لە كۆمەڵگەدا بەكار دەهێنێت، تا ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەكان بكات، هەوڵ دەدات هەموو ناڕەزایەتییەكی كۆمەڵایەتی و ئابووری بخاتە ئەستۆی دوژمنی دەرەكی تا ڕەوایەتیی بە سەركوتكارییەكانی خۆی بدات.