"دۆخی جەلال شریت لە كانی گۆمە خراپە"

:: PM:02:52:16/05/2026 ‌
جەلال شریت یەكێكە لە هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی چەندان ساڵ بوو لە هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی لە سنووری راپەڕین نیشتەجێ بوو، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" تا ئەوكاتەی لەوێ بووە، پێوەندیی لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە.

جەلال شریت هەوادارێكی زۆری بۆ گۆرانییەكانی لە كوردستان هەیە كە سەرجەمیان لە شێوەی خێران، بەڵام ماوەی زیاتر لە ساڵێك دەبێت ئەو هونەرمەندە لەلایەن هێزێكی یەكێتییەوە براوە و بێسەروشوێن كراوە. 

كاتێك كە سەرەداوی جەلال شریت لە ماوەی زیاتر لە ساڵی رابردوودا دیار نییە، چەند كەسێكی هاوڕێی ئەو زانیارییانەیان بڵاو كردووەتەوە و داوای سۆراغی لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پێوەندییەكانیان لە یەكێتییەوە سۆراغی بكەن. 

ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایار، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، جەلال شریت لە گرتووخانەی كانی گۆمەیە لە سلێمانی، بەڵام دۆخی باش نییە. 

سەرچاوەكە باسی لەوە كرد لە ڕێگەی واسیتە و بەرپرسانی ترەوە سێ‌ جار ماڵباتەكەی سەردانی جەلال شریتیان لە گرتووخانە كردووە، دواجار چەند ڕۆژی ڕابردوو بووە كە دۆخی زۆر خراپ بووە و بە كەسوكارەكەی گوتووە، هەرچی دەكەن لێرە رزگارم بكەن. 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەی گوت، نیگەرانیی كەسوكارەكەی لەوەیە كە جەلال شریت رادەستی ئێران بكرێتەوە.

جەلال شریت لە بەندەكانی دژایەتیی ئێرانی دەكرد و بە توندی ناوی دەهێنان، بۆ نموونە لە بەندێكدا دەڵێ‌:
كراسەكەت هەڵكە سۆیبە گیان، ئەی بیخە سەر ڕانت
ئەرە سەد جاشی خوێڕی سۆیبە گیان، ئەی ببنە قوربانت.



وشە - وشه‌