ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن

:: PM:04:24:16/05/2026 ‌
سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە مەتران میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسكی، باڵوێزی نوێی ڤاتیكان لە عێراق كرد.

لەو دیدارەدا باڵوێزی نوێی ڤاتیكان دڵخۆشیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان نیشاندا و سوپاس و پێزانینی ڤاتیكانی گەیاندە سەرۆك بارزانی و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە كاتی تەنگانەدا بە هانای خەڵكی لێقەوماوی ناوچەكانی تری عێراقدا هاتن و دەرگاكانی هەرێمی كوردستانیان بۆ كردنەوە، پاڵپشت و هاوكاریان بوون بە تایبەت بۆ كریستیانەكان. هەروەها دڵخۆشیی خۆی نیشاندا بەو فەرهەنگی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردنەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و پێكهاتەكان هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش دەكەن و درێژە بە ژیانیان دەدەن.

باڵوێزی ڤاتیكان سوپاس و پێزانینی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو كە پاڵپشت بوو بۆ بنیاتنانی زانكۆی كاتۆلیكی و نەخۆشخانەی عەنكاوە و چەندین قوتابخانەی تایبەت بۆ كریستیانەكان تا بتوانن بە زمانی دایك بخوێنن.
 
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، باڵوێزی ڤاتیكان باسی لە دوا سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ڤاتیكان و دوایین سەردانی قەداسەتی پاپا فڕانسیس، پاپای پێشووی ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی وەك باڵوێزی نوێی ڤاتیكان، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێیەكەیدا و پشتگیری خۆی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی دووپاتكردەوە.

سەرۆك بارزانی  دووپاتی لە پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن لە هەرێمی كوردستان كردەوە كە بووەتە كولتوور و كوردستانییان شانازی پێوە دەكەن  و ڕای گەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەن كە ئەم كولتوورە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت.

هەروەها سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بە بێ جیاوازی، لەو پێناوەشدا ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە شەهید و برینداربوون بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی ناوچەكە بەبێ جیاوازی.

هەروەها سەرۆك بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپا و حكوومەتی ڤاتیكانی كرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە هەرێمی كوردستان، و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشوازییەی لە دوایین سەردانیان بۆ ڤاتیكان لێیان كرا، و هیوای خواست قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات.


وشە - وشه‌