دوای ددانپێدانانەكەی حەمەڕەش /یەكێك لە گیراوانی لالەزار/ كە بەهۆی ئەشكەنجەی چەكدارانی یەكێتی پیاوەتیی لەدەست داوە، ئەو پرسە تەواوی سۆشیال میدیای گرتەوە.
رۆژی پێنجشەمی رابردوو، وەك شاهێد؛ حەمەڕەشی پاسەوانی تایبەتی رێبوار حامی حاجی غالی لە دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی تری لالەزار ئامادە بوو، بەڵام شایەدییەكەی بە جۆرێك دا كە هەموو دۆسیەكەی هەڵگەڕاندەوە.
بەگوێرەی قسەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، حەمەڕەش گوتویەتی كە ئەو بەهۆی ئەشكەنجەوە ددانپێدانانی داوە و ئێستەیش هەر بەو هۆیەوە لە پیاوەتی خراوە.
چیرۆكەكانی دادگاییكردنی گیراوانی لالەزار زۆرن، بەڵام رێبوار محەمەد كە وەكخۆی نووسیویەتی، مامۆستای حەمەڕەش بووە لە رابردوودا باس لەوە دەكات و دەڵێ، "حەمەڕەش قوتابیم بوو، نەیتوانی عارەبانەیەك بكڕێت، بۆ واتان لێی كرد؟"
"ئەم حەمەڕەشەش هیچی لە شەهید حەمەڕەش كەمتر نەبوو، قوتابیی خۆم بوو، دوای ئەوەش وازی لە قوتابخانە هێنا لە هەندێك شوێن دەمبینی، زۆر كەسابەتی تاقیكردەوە دەتوانم بڵێم یەكەم دەستگێڕی گۆرەوی فرۆشتن بوو، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و چەندان كەسابەتی تری تاقیكردەوە تا ئەوەی لە دەستگێڕی بێزار و ماندوو بوو توانای كڕینی عەرەبانەیەكی نەبوو، زۆر جاران لای سەرا و چایخانەكانی ناو بازاڕ سوتفەم دەكرد، بەداخەوە دوا جار بەوشێوەیە بینیم كە گریانی بۆ هێنام.. ئاخر بۆ؟ لە پای چی؟" مامۆستاكەی حەمەڕەش وای نووسیوە.