گشتاندنێك لە وەزارەتی داد، بۆ رێگریكردن لە تاوانەكانی ساختەكاری لە واژوو و پەنجەمۆر دەرچوو و فەرمانگەكان ئاگادار دەكرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئایار، وەزارەتی داد لە راگەیەنراوێكیدا دەڵێت، بەمەبەستی پاراستنی مافی خەڵك و رێگریكردن لە تاوانەكانی ساختەكاری لە واژوو و پەنجەمۆر، وەزارەتی داد گشتاندنێكی ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەكانی دادنووسی كردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی وەرگرتنی پەنجەمۆر لەسەر مامەڵەكانی دادی، بە وردی رەچاوی كۆمەڵێك خاڵ و تێبینی بكەن.
تێبینی و گشتاندنەكەی وەزارەتی داد، پاش نووسراوێكی لایەنی پێوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هات كە لە ( 28/4/2026) ئاراستەی كرابوو .
بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی داد بۆ فەرمانگەكانی دادنووسی، دەبێت لە كاتی وەرگرتنی پەنجەمۆردا، خودی كەسەكە (خاوەن مامەڵە) ئامادە بێت، نابێت كەسێكی تر لە جێگەی ئەو پەنجەمۆر بكات، پێویستە پەنجەی كەسەكە پاك بێت و لەوە دڵنیا ببنەوە كە پەنجەی راستەقینەیە و دەستكرد نییە، رەچاوی بڕی پێویستی مرەكەبەكە بكرێت، لە كاتی پەنجەمۆركردنەكەدا پەنجەكە نەسووڕێت و لەسەر لاپەڕەكە نەخشێت، پەنجەمۆر نەكەوێتە سەر نووسین، و دەبێت لە شوێنێكی بەتاڵ یان لەسەر ناوەكە یان لە تەنیشتی بێت، ئەگەر پەنجەی گەورەی دەستی چەپی نەبوو، ئەوا پەنجەی گەورەی دەستی راستی وەربگیرێت، ئەگەر كێشە لە پەنجە گەورەكان هەبوو، ئەوا پەنجەكانی تر بەكار بهێنرێت، نابێت دووجار پەنجەمۆر لەسەریەك بكرێت، ئەگەر پەنجەمۆرەكە ناڕێك بوو، دەتوانن لەتەنیشتیدا وەریبگرنەوە و ئاماژەی پێ بكرێت، ستامپی گونجاو رەنگی (شین یان رەش) بەكار بهێنرێت