لیژنەی تەناهیی گەرمیان، چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد و دووپات لەوە دەكەنەوە، پێویستە باری تەناهی و رەوشی ناوچەكە رێكبخرێتەوە و باس لەوە دەكەن، چەكی بێ مۆڵەت و ماتۆڕسكیل و تەقەكردن لە ئاهەنگدا قەدەغەیە.
لیژنەی تەناهیی گەرمیان لە بڕیارەكانیدا هاتووە، رێگریكردن لە هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، بۆ ئەو مەبەستە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس و یەكە ئیدارییەكان لە گشت شارۆچكەكان رێكاری پێوست دەگرنەبەر، گرتنی ئەو كەسانەی كە فەرمانی گرتنیان هەیە و تا ئێستە نەگیراون.
هەروەها رێگریكردن لە تەقەكردن لە بۆنەكاندا و گرتنەبەری رێكاری پێوست بەرانبەر تەقەكەران بەجۆرێك بگیرێن و بدرێنە دادگا، پشكنینی كافتریا و چایخانەكان و گرتنی ئەو گەنجانەی چەقۆ و كەرەستەكانی شەڕكردن هەڵدەگرن، بەشێكی ترە لە بڕیارەكە.
"لێپرسینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە تابلۆیان پێوە نییە و بەبێ مۆڵەت جامیان رەش كردووە، بۆ ئەو مەبەستە پۆلیسی هاتوچۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا تەناهییەكانی تر، رێكارەكان دەگرنەبەر و لێپرسینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە بەشێوەی گرووپ نمایش دەكەن لە شەقام و شوێنە گشتییەكاندا و هاووڵاتییان بێزار دەكەن، بۆ ئەو مەبەستە هێزەكانی ئاسایش هاوكاریی پۆلیسی هاتوچۆ دەكەن، هاوكات دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە شەقامەكاندا نمایش دەكەن و دەبنە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتییان"، لە دەقی بڕیارەكەدا هاتووە.
بەشێكی تر لە بڕیارەكان ئەوانەن:
گرتنەبەری رێكاری پێویست بەرانبەر شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلانەی كە لە بەردەم قوتابخانە و خوێندگەكان كێشە و گرفت دروست دەكەن.
رێگریكردن لە وەستانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تانكەر لە شەقام و كۆڵانەكان، بۆ ئەو مەبەستە یەكە ئیدارییەكان و شارەوانی، لەگەڵ هاتوچۆ شوێنی پێویستان بۆ دابین بكەن.
پشكنینی شوێنكارەكانی جوانكاری و چاككردنەوە، بۆ رێگریكرن لە فرۆشتنی كەرەستە قەدەغەكراوەكانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل.
توندتركردنی رێكارەكان بەرانبەر بەو كەسانەی راو دەكەن لە هەر پێگە و بەرپرسیاریەتییەك بن، بۆ ئەو مەبەستە پۆلیسی دارستان بەهاوكاریی دەزگانی ئاسایش و پۆلیس و كۆماندۆ و دژەتیرۆر و هێزەكانی پێشمەرگە، رێكاری پێویست دەگرنەبەر.
لە وەرزی دروێنە و دەغڵودان، بەرگریی شارستانی پلانی پێوست دابنێت كە بە هاوكاریی یەكە ئیدارییەكان رێگریی لە ئاگركەوتنەوە بكات.
بەرگریی شارستانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەكەی ئیداری و كشتوكاڵ، رێگریی لە جووتیاران بكەن كە دوای درەوكردنی بەرهەمەكانیان، جاڕەكانیان نەسووتێنن و هەر جووتیارێكش سەپێچی كرد سزا بدرێت.