هێمن هادیە سوور یەكێك لە گیراوانی لالەزار كە ئێستە ئازاد كراوە، نهێنیی گەورە لەبارەی گرتووخانەكانی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە و دەڵێ، دوای گرتنم بە چەند سەعاتێك، تا لێواری مردنیان بردم.
هێمن هادیە سوور لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی كوردستان24 رای گەیاند، شەوی رووداوەكەی لالەزار كاتێك لە مێرگەپان دەگەڕایەوە، لەلایەن چەكدارانی یەكێتی گیراوە و بە چەند سەعاتێك بە ئەشكەنجەدان، تا لێواری مردنیان بردووە.
هێمن هادیە سوور كە وەك خۆی دەڵێ، براكەی هاوژین هادیە سوور لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی كاری دەكرد، شەوی رووداوەكەی لالەزار لەوێ بووە، "بەڵام شانازی دەكەم بە ڕێنوێنی من خۆی لە بن دەستی چەكدارانی یەكێتی رزگار كرد".
هێمن هادیە سوور لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێ، لەناو گرتووخانەی یەكێتی سزا و ئەشكەنجەیەكی توند درام، بۆڕی بەكار دەهێنرا و پەراسوو و قاچێكم شكێنرا، ریخۆڵەكانیشم تووشی خوێنبەربوون بوون.
هەروەها دەڵێ، چەند جارێك لە گرتووخانەوە براوم بۆ چارەسەر، بەجۆرێك ئەشكەنجە دراوم بە چەند سەعاتێك تا لێواری مردن هێنرام، هەموو ئەوانەیش بە بیانووی وەرگرتنی كۆدی مۆبایل بوو، "بەڵام من هەر بۆ دژایەتیی ئەوان كۆدەكەم پێ نەدان". وەك خۆی دەڵێ، ئەو ئەشكەنجەیەی دراوە تا ئێستە شوێنەواری دەروونی لەسەر ئەو هەیە.
هێمن هادیە سوور زیاتر لە 49 رۆژ لە گرتووخانەی یەكێتی بووە، رۆژگارێكی دژواری بەڕێ كردووە، تەنانەت وەك خۆی دەڵێ، ئەوكاتەی یەكێك لە چەكدارانی یەكێتی گوتی بیكوژن، دڵخۆش بووە كە رزگاری دەبێت لە دەستی ئەو چەكدارانە.
ئەو باسی لەوە كردووە كە تا ئێستەیش نازانێ یەكێتی بە دوای چییەوە بووە تا لە ئەو؛ دەستیان بكەوێ، بەڵام پێی گوتوون، من میوانی مەلا بەختیار بووم و ئەو بافڵی بەسەرۆكی خۆی قبووڵ نییە.
دووپات دەكاتەوە كە سەرباری ئەشكەنجەی گیانی و ئەشكەنجەی دەروونی، تا ئێستەیش كۆدی مۆبایلەكەی بۆ نەكردوونەتەوە. هەروەها دەڵێ، لە ئەشكەنجەدا گەیشتە قۆناغێك دەیانزانی ئەگەر بەردەوام بن دەمرم، هەندێك لە هاوڕێیان لەوێ دەهاتنە ژێرباڵم تا بچم دەستنوێژ بگرم.
هێمن هادیە سوور كە ئێستە لە هەولێر دادەنیشێ، لە میانی قسەكانیدا گوتی، ئەوكاتەی گیرام چوار ئۆتۆمبێل چاوەڕێیان دەكردم كە ئۆتۆمبێلی هەواڵگری بوون.
بەشێكی تری لە قسەكانی تەرخان كردووە بۆ شەڕەكەی لالەزار و دەڵێ، بۆ بەیانییەكەی سەعات هەشتی بەیانی زانیم كە هاوژینی برام لەوێ بووە، هاوڕێیەكم راسپارد كە ئامۆژگاری بكات بۆ ئەوەی خۆی رزگار بكات، بەگوێرەی ئەو شارەزاییەی كە لە گردی سەرچنار هەیەتی، دوای ئەوە چووم لە شوێنێكی تر هەڵمگرت و بردمە ماڵی پوورم.
"ئەوەندەیان سەركۆنە كردم، لە كاتی گرتنم وەك هەڕەشە بۆ ئەوەی ناچارم بكەن كۆدی مۆبایلەكە بدەم، بەڵام نەمدا پێیان"، هێمن هادیە سوور وا دەڵێ.
باسی ئەوە دەكات كە لە ناو گرتووخانەی یەكێتی ئەشكەنجەی توند هەیە، بەڵام دەتوانن بیشارنەوە، "تەنانەت ئەوكاتەی دەستەی مافی مرۆڤ دەیانگوت ئەشكەنجە نییە، من بە قەسەب ئاوم دەخواردەوە".
لەبارەی ئەو نامەیەی كە بۆ لاهوور شێخ جەنگی ناردووە گوتی، كە ئازاد كرام بە دوو ڕۆژ دوای ئەوە، نامەیەكم بۆ فەیسبووكی لاهوور شێخ جەنگی نارد و نووسیم هاوڕێی نیوەی رێگات نیم، دواتر كە چووم كەلوپەلەكانم وەربگرم، پێیان گوتم بۆ ئەو نامەیەت ناردووە، منیش گوتم ناردوومە بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی شارەكەم بسەلمێنم ناتوانن بمبەزێنن، كوڕەكەم لەگەڵ خۆم برد بۆ ئەوەی فێر ببێ چۆن دەبێت خاوەنی ئیرادەی خۆی بێ.
هەروەها دەڵێ، لە شەڕەكەی لالەزاردا لە هێزەكانی یەكێتی زۆر زیاتر كوژراوە لەوەی كە باسی بریندار و كوژراوانی لالەزار دەكرێت.