فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پشتگیریی هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین كە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، لە راگەیەنراوێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شانازییەوە ئەم یادە مێژووییە دەكاتەوە، كە یەكێكە لە گرنگترین وێستگەكانی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی و یاسایی و دامەزراوەیی هەرێمی كوردستان.
ئاماژە بەوەش كراوە، پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، بنەمایەكی سەرەكییە لەوەی ئیرادەی هاووڵاتییان ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعییەت. بۆیە پاراستنی پەرلەمان، پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستانە لە عێراق، كە بە خەباتێكی دوور و درێژ و قوربانیی بێشومار و پێداگریی گەلەكەمان هاتوونەتەدی.
روون كراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا فراكسیۆنەكەمان پێشوازیی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكات كە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، تا ئەم دامەزراوە گرنگە بتوانێت ڕۆڵی سروشتی و یاسایی خۆی جێبەجێ بكات، چونكە كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستییەكی نیشتمانی و دەستووری و دامەزراوەییە، بەتایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەماندا كە زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە پەرلەمانێكی كارا هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، دووپات دەكەینەوە كە پەرلەمانی كوردستان، وەك دەستكەوتێكی دەستووریی گەلەكەمان، دەبێت بپارێزرێت و هەمیشە كارا بێت بۆ خزمەتی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی.