ئەمڕۆ لە هەولێر چوار هەزار و لە خەبات سێ هەزار فەرمانبەر زەوییان پێ‌ دەدرێت

:: AM:08:45:21/05/2026 ‌
قۆناغی حەوتەمی دابەشكردنی زەوی لە ناوەندی شاری هەولێر دەست پێ دەكات، لە هەولێر چوار هەزار و لە خەبات سێ هەزار فەرمانبەر زەوییان پێ‌ دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایار، لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، قۆناغی حەوتەمی دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات كە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.

بەهەمانشێوەی قۆناغەكانی پێشوو زەوییەكانی ئەم قۆناغەش لەسەر ڕێگەی هەولێر- دهۆكە بەناوی گەڕەكی بەرزی.

تا ئێستە زیاتر لە 32 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناوەندی شاری هەولێر دابەش كراوە بە سەربازی و شارستانییەوە، هاوكات نزیكەی 42 هەزار فەرمانبەری تریش ماون  زەوییان پێ بدرێت.

هاوكات دلاوەر فەتاح مزووری بەڕێوەبەری شارەوانیی شارۆچكەی خەبات ڕای گەیاند، تەواوی ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارۆچكەی خەبات گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، لە نزیكترین كاتدا كارە یاسایی و كارگێڕییەكان تەواو دەبن و دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو زەوییانەی كە بۆ فەرمانبەران تەرخان كراون، دەكەونە باشترین شوێنەكانی ناوچەكە و نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر لەم پرۆسەیەدا سوودمەند دەبن.

دووپاتیشی كردەوە كە دابەشكردنەكە بە یەك قۆناغ ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی سەرجەم شایستەبووان پێكەوە سوودمەند ببن.



وشە - سۆران عەزیز