لەسەر داوای زۆرێك لە فەرمانبەران كە زەوییان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، "وشە" بەدواداچوونی لەسەر رێوشوێنەكانی تاپۆكردنی ئەو زەوییانە كرد و بەپێی زانیارییەكان، دوای جەژنی قوربان دەست بە تاپۆكردنیان دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" شارەوانییەكان ئامادەكارییان كردووە تا لە سنووری خۆیانەوە ئەو زەوییانەی داویانە بە فەرمانبەران، دوای جەژنی قوربان دەست بە تاپۆكردنیان بكرێت.
هەر ئەمڕۆیش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە شەش قۆناغی رابردوودا، 38 هەزار و 400 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكرابوو، بە پرۆسەكەی ئەمڕۆیشەوە كۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی زەوییان وەرگرتووە و لێی سوودمەند بوون، دەگاتە زیاتر لە 42 هەزار فەرمانبەر.
زیاتر گوتی، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر نزیكەی 82 هەزار فەرمانبەر بە هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە. گوتیشی، خۆشحاڵین كە تا ئێستا 50%ی ئەوانەی بڕیارەكەیان بۆ دەرچووە، زەوییان پێ دراوە.
وەزیری شارەوانی لەبارەی تاپۆكردنی زەوییەكان گوتی، هەرچەندە پڕۆسەیەكی ئاڵۆز و كاتبەرە، بەڵام فەرمانگەكان هەوڵێكی باشیان داوە و قۆناغی باش بڕدراوە، ئەوانەی لە قۆناغی یەكەمدا زەوییان پێ دراوە، بەمزووانە تاپۆكانیان تەواو دەبێت و رادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بچن بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بكەن.
دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران چەندان ساڵ بوو راگیرابوو، بەڵام وەك هەموو هەنگاوەكانی تری بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، دەست بە دابەشكردنی زەوى كرایەوە.