مەسروور بارزانی بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەی ڕووناکی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەچێتە بەغدا

:: PM:06:20:22/05/2026 ‌
هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدا دەکات، بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونی کارەبای 24 سەعاتی و بەدواداچوون بۆ گەرەنتییە تەناهییەكانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (X) بڵاوی کردەوە، لە گفتوگۆکانی نێوان هەر دوو حکوومەتدا لە هەفتەی داهاتوودا، حکوومەتی هەرێم ئەزموونی کەموێنەی خۆی لە پڕۆژەی (ڕووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی دەخاتە بەردەم حکوومەتی نوێی فیدراڵی، ئەوەش هاوکاریی تەکنیکی و تەکنەلۆژی لەخۆدەگرێت بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران (عەلی زەیدی) لە پرسی چاکسازیی کەرتی کارەبادا.

هەروەها ئاماژەی بەوەیش کردووە، مەسروور بارزانی بەدواداچوون بۆ گەرەنتییە تەناهییەكانیش دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان بدرێت بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دەست پێ بکەنەوە، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی دوو هێندەکردنی توانای هەناردەکردنی عێراق بۆ زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا لەبارەی گرنگیی و کاتی سەردانەکە نووسیویەتی: "ناکرێت چاوەڕێی ئەوە لە کۆمپانیاکان بکرێت کارەکانیان دەست پێ بکەنەوە لە کاتێکدا هەڕەشەی درۆن لە ئاسماندا هەبێت، بۆیە ئەم سەردانە لە کاتی خۆیدایە."



وشە - پێشەنگ مەحموود