نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوكردنی هاریكاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكان.
ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربوون لە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، دەربڕینی پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ سەرخستنی حكوومەتەكەی لە پێناو خزمەتكردنی گشت پێكهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات كردەوە. سەرۆكی حكوومەت دووپاتیشی لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان كردەوە.
سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆكی حكوومەت دەربڕی و دووپاتی لەوە كردەوە، هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن و خزمەتكردنی هەموو هاووڵاتییان و پێكهاتەكانە بێ جیاوازی.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوكردنی هاریكاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكان.