ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایاری 2026، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی پێدانی پلەی بۆ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار واژوو کردووە.
دڵشاد شەهاب ڕوونی کردەوە، دوای بەکۆتاهاتنی خولی پێنجی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرمانی پێدانی پلەی مولازمی بە 210 بەشداری خولەکە واژوو کرد.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لە فەرمانێکی تردا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی واژووی لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی 95 پلەدار لەسەر میلاکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان - بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش کردووە.
لە کۆتاییدا گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم دووپاتی کردەوە کە ئەو دوو فەرمانە لەگەڵ واژووکردنیان، ڕاستەوخۆ لەمڕۆوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.