وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، دارایی عێراق لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق كەمی ناردووە.
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئایار، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەرلە جەژن دابەش بكرێت، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەم وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕی 50 ملیار دینارمان وەك نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار واژوو كراوە، خستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
ئەو وەزارەتە دەڵێت، ئەوەش لە هیچ سیستمێكی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەكە شەش ڕۆژی ماوە بۆ كۆتایی، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بكات، لە بەرانبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانوویەك ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بكات.
روون كراوەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن و ڕێكارانە وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ لە كۆی بڕی 970 ملیار و 741 ملیۆن و 514 هەزار دینار، لە كاتی كۆتاهاتنی دەوامی فەرمی بانكی ناوەندی عێراق و لە سەعات سێی دوای نیوەڕۆ، بڕی تەنیا 89 ملیار و 502 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵەوە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەكەوێت كە وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ زیاتر لە 80 ملیار دینار كەمتری لە كۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناردووە.
ئەو وەزارەتە لە روونكردنەوەكەیدا دەڵێت، سەرەڕای نەبوونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە پێناو هەرچی زوو دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانك و گەنجینە و بەڕێوبەرایەتییەكانی ڕاسپاردووە كە دوای وەرگرتنی پارەكە بەشێوەی كاش، لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانكە ئەهلییەكانی ناو پڕۆژەی هەژماری من و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت.
لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەڵێت، دوای ڕاگەیاندنی لیستی مووچە كە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەكرێتەوە و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشكردنی مووچە لە دوای سەعات 10 ی بەیانییەوە بەشێوەی كاش و لە ڕێگەی هەژماری من بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و شار و قەزاكان پێویستی بە كاتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەكەین كە لە خشتەی مووچەدا مووچەكانیان دەكەوێتە ئەمڕۆ كە بەشێوەی كاش مووچە وەردەگرن، لە سەعات پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانكەكان بكەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، لە سەعات سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە ( ATM ) ەكان بكەن و مووچەكانیان ڕابكێشن، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێكیش نەتوانێ لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژە مووچەكەی وەربگرێت، دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام مووچەكەی وەربگرێت.
لە پێناو ئەوەی بەرەجەژنانە و تا سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەكانیان لە كاتی خۆیدا وەربگرن، هیچ مووچەخۆرێك بێبەش نەبێت لە وەرگرتن و دواكەوتنی مووچەكەی، وەك وەزارەتی دارایی بڕیارمان دا ئەو كورتهێنانەی بۆ مووچە دروست بووە، لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بكەینەوە.