بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبنییەكانی كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوكردەوە و رای گەیاند، پلەكانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەكەن.
بەپێی پێشبینییەكان، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و لە نێوان پێنج بۆ 15 كیلۆمەتردا دەبێت لە سەعاتێكدا، مەودای بینین لە نێوان نۆ بۆ ١٠ كیلۆمەتر دەبێت، هەروەها پلەكانی گەرما بەراورد بە تۆمارەكانی دوێنێ یەك بۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە.
سەبارەت بە كەشوهەوای سبەینێ چوارشەم كە هاوكاتە لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، پێشبینی دەكرێت ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت و لە هەندێك ناوچەش نیمچە هەور دەبێت، خێرایی با كەمێك زیاد دەكات و دەگاتە 10 بۆ 20 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، پلەكانی گەرماش یەك بۆ دوو پلەی دیكە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەكان بۆ بەرزترین پلەكانی گەرما لە رۆژی جەژندا، لە گەرمیان 39 پلە، لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە 34 پلە، لە هەولێر و زاخۆ 33 پلە، لە سلێمانی و دهۆك 32 پلە، لە پیرمام 28 پلە، و لە حاجی ئۆمەران 23 پلەی سیلیزی دەبێت.