بەمەبەستی تەواوكردنی پڕۆژەی دەروازەی هەولێر- كۆیە، ماوەی هەفتەیەكە قیرتاوكردنی بەشێكی دەستی پێ كرد، بەمەیش رێگەی چوون بۆ هەولێر- گۆمەسپان ئاسایی دەبێتەوە و جەنجاڵی لەو شوێنە نامێنێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ ئێوارە بكرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئایار، یەكێك لە ئەندازیارانی پڕۆژەی هەولێر- كۆیە، بە"وشە"ـی راگەیاند، قیرتاوكردنی لاینێكی پڕۆژەكە هەولێر-كەسنەزان تەواو بووە، دوای تەواوبوونی لاینەكەی تریش دەست بە قیرتاوكردنی دەكرێت و هاتوچۆ دەگوازرێتەوە سەر رێگەی سەرەكییەكە.
زیاتر گوتی، دوای تەواوبوونی هەردوو لاینەكە، ئیتر دانانی پردەكان و رێڕەو و سندووقە ئاوبەرییەكان دەست پێ دەكات كە وردەكاریی یەكجار زۆری تێدایە، بەڵام بە تەواوبوونی، جوانییەكی بێ وێنە بە شوێنەكە دەدات و جەنجاڵیش نەهێڵێت.
باسی لەوەش كرد، بڕیارە چوار مانگی تر تەواو بكرێت، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە پێش ئەو كاتە تەواوی بكەین و زۆر بەخێرایی كاری تێدا دەكەین، لە ماوەی رابردووشدا سێ مانگ بەهۆی بارانبارین كارمان وەستا.
ئاماژەی بەوەش كرد، تەواوی ئەو مانگە كاری زۆر كراوە و ئێستە قیرتاوكردنەكە تەواو بووە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕووی شوفێران بكرێتەوە.
رێگەی های وەی هەولێر- كۆیە، 32 مەتر پان دەبێت و هەر سایدەی سێ هێڵی ڕۆیشتنی هەیە، خێراییەكانی بە 110، 100 و 80 بۆ باهەڵگر دیاری دەكرێت و ژمارەك پرد و یەكتربڕی لەسەر دروست دەكرێ، لە دەروازەی كەسنەزان دەگاتەوە رێگەی هەولێر- گۆمەسپان.
لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2024دا، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا و دووپاتی لە بایەخی پڕۆژەكە بۆ سەلامەتی ژیانی خەڵك و خێراكردنی گواستنەوە كرد، هاوكات چاودێریی بەڕێوەچوونی كارەكانیش دەكات.
رێگەكە بەپێی ئەو نەخشەیەی بۆی دانراوە، 66 كیلۆمەترە و یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆ كە گرێكوێرەی 30 ساڵ دەكاتەوە، بە تەواوبوونی ماوەی هاتوچۆ بۆ نیوەی ئێستە كەم دەكاتەوە، لە كەسنەزان تا دەروازەی كۆیە 52 كیلۆمەتر دەبێت كە بە خێرایی 110 كم لە سەعاتێكدا، بە 25 خولەك دەیبڕی.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پڕۆژەكە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەك و دوو و سێ تا دەروازەی كۆیە دەبێت، دوو قۆناغەكەی تریش تا سەر جووتسایدی هیزۆپ- خەلەكان درێژ دەكرێتەوە كە دەكەوێتە پشت چیای هەیبەسوڵتان.
بەپێی ئەو نەخشەیەی دانراوە، تێچووی پڕۆژەكە 435 ملیار دینارە.