دوای ماوەیەكی زۆر لە دۆخی چەكقبەستووی كوردستان كە پێوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەكی زۆر لە یەكتر دوور كەوتبووەوە، پێشبینی دەكرێت دوای جەژنی قوربان و بەتایبەت دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی دۆخەكە جموجۆڵی تێبكەوێ.
سەرۆك بارزانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەیدا رای گەیاند، لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
هەروەها گوتی، داوا دەكەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن. ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەو پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست.
جیا لەوە پێشتر سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەسپێشخەری بۆ حزبەكان هەبوو، لەو چوارچێوەیەیشدا سەردانی هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی كردبوو.
گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامیش لەو چوارچێوەیەدا رای گەیاندبوو كە پێشبینی دەكەن دوای جەژن پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە.