ڕێكخراوی PFL مەرجێكی توندی بۆ هەردە كەریم یاریزانی كوردی هونەرە جەنگییە تێكەڵاوەكان دانا یان دەبێت بە ڤیدیۆیەك داوای لێبوردن بكات، یان ڕووبەڕووی سڕكردنی یەكجارەكی دەبێتەوە.
كەیسی هەردە كەریم یاریزانی كورد لە هونەرە جەنگییە تێكەڵاوەكان، لە ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی PFL گەورە بووە، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو مەرجێكی توندی ڕێكخراوەكەی بۆ داوای لێبوردن و بەرزكردنەوەی ئاڵای عێراق ڕەتكردەوە و ڕای گەیاند، كە بە هیچ جۆرێك ئامادە نییە لەپێناو بەردەوامبوونی لە یارییەكاندا، ناسنامە و كوردبوونی خۆی بەلاوە بنێت.
دوای بەشداریكردنی لە یارییەكی هونەرە جەنگییە تێكەڵاوەكان (هەردە كەریم) یاریزان و شەڕكەری كورد ئەو لۆگۆیەی ئاڵای عێراقی شاردەوە، كە لەسەر شۆرتەكەی بەبێ ڕەزامەندی خۆی كێشرابوو، هەربۆیە ئەو هەڵوێستەی كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە بەتایبەتیش لەنێوەندە وەرزشییەكانی عێراقدا.
ڕێكخراوی PFL مەرجێكی توندی بۆ هەردە كەریم دانا بەوەی یان دەبێت ڤیدیۆیەكی داوای لێبوردن بڵاوبكاتەوە بەهۆی ئەوەی لە یارییەكانی ڕابردوودا ئاڵای عێراقی لەسەر شۆرتەكەی شاردووەتەوە، یان ڕووبەڕووی سڕكردنی یەكجارەكی دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا هەردە كەریم، كە بە ڕەچەڵەك كوردە و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەلجیكییە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ڕێكخراوەكە بە زۆر هەوڵی سەپاندنی ناسنامەیەكی بەسەردا دەدات، كە هیچ پێوەندییەكی یاسایی و كەسیی پێوەی نییە.
هەربۆیە هەردە كەریم لە وەڵامێكی ڕاشكاوانەدا بۆ ئەو مەرجانەی ڕێكخراوەكە، ڕای گەیاند: چۆن داوای لێبوردن بكەم كاتێك یارییەكەم لێ دزرا؟ ئێوە دەتانەوێت ئاڵای وڵاتێك بەرز بكەمەوە، كە خێزانەكەم قوربانیی دەستی ڕژێمەكانی ئەوان بووە.