لەلایەن دامەزراوەیەكی بزنس تایم، روانگەی ئابووری بۆ داهاتوو توێژینەوەیەكی تایبەت بە دروستكردنی شەقامی 200 مەتری هەولێر كراوە، بەپێی توێژینەوەكە هەولێر دەبێتە ناوەندێكی گرنگی ئابووری و دەكەوێتە دەرەوەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
ئەمڕۆ شەموو 30ـی ئایار، دامەزراوەیەكی بزنس تایم روانگەی ئابووری بۆ داهاتوو، توێژینەوەیەكی تایبەتی لەبارەی دروستكردنی شەقامی 200 مەتری هەولێر بڵاو كردەوە، بەناوی هەولێری 2025 چۆن ژێرخان و گواستنەوە بازاڕی خانووبەرە دەگۆڕن.
بەپێی توێژینەوەكە، شاری هەولێر بەرەو قۆناغێكی نوێی گەشەسەندن هەنگاو دەنێت، توێژینەوەكە تایبەتە لەسەر كاریگەرییە ستراتیجییەكانی شەقامی 200 مەتری، هێڵی ترام و شەمەندەفەر لەسەر كەرتی خانووبەرە و ئابووری شارەكە ئەنجام داوە.
گرنگترین دەرئەنجامەكانی توێژینەوەكە ئەوەیە كە شەقامی ٢٠٠ مەتری ئەم شەقامە تەنیا بۆ هاتوچۆ نییە، بەڵكو دەبێتە ناوچەی پۆلێنتری (Polycentric) كە سەنتەری نوێی بازرگانی و نیشتەجێبوون لە دەوری پشتێنەی سەوزایی دروست دەكات.
ئاماژە بەوەش كراوە، سیستمی ترام و شەمەندەفەر بەپێی تیۆری (Transit-Oriented Development)، پێشبینی دەكەین نرخی موڵك لە نزیك وێستگەكانی گواستنەوەی گشتی بە بەراورد بە ناوچەكانی تر بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بێتەوە، چونكە تێچووی گواستنەوە كەم دەكاتەوە و بەهای زەوی بەرز دەكات.
روون كراوەتەوە، گواستنەوە لە شێوازی "ناوەند- تەوەر" بۆ شارێكی فرەناوەندی، ئەمەش دەبێتە هۆی وەرچەرخانێك بەرەو ناوچەی نیشتەجێبوونی مۆدێرن و ڕاكێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی بۆ شارەكە.
لەبارەی گرنگیی ئەو توێژینەوەیە و گرنگیی شەقامی 200 مەتری لە توێژینەوەكەدا هاتووە، ئەم پڕۆژانە بەشێك نین لە پلانی ئاسایی، بەڵكو نەخشەی ئابووری و نەخشەی جیۆگرافیای خانووبەرەی هەولێر دەگۆڕێت، هەروەها وەبەرهێنەران و خاوەن موڵكەكان دەبێت ئەم گۆڕانكارییانە وەك پێشینەی بڕیارە ئابوورییەكانیان لە دەیەكانی داهاتوودا ببینن.