یەكێك لەو مامۆستا ئاینییانەی كە لە هەرێمی كوردستان خەڵكێكی زۆری لە دەوری پەیامەكانی كۆ كردووەتەوە، مامۆستا جاسم كەلارییە كە وتاربێژی مزگەوتی شێخ عەبدولقادر گەیلانییە لە كەلار.
مامۆستا جاسم كەلاری جیا لە گەیاندنی پەیامی ئیسلام لە ڕێگەی وتارەكانیەوە، بەتەواوی هەستی كوردانە تێیدا زاڵە و ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە بەشێكی زۆر لە قسە و گوتارەكانی، لەناو خەڵكی كوردستان ببێت بە ترێند و بەردەوام دووبارە بكرێتەوە.
مامۆستا جاسم وەك دەردەكەوێ رێچكەشكێنە و دژی ئەوانەیشە كە زمانی عەرەبی فەرز دەكەن بەسەر زمانی كوردیدا، تەنانەت لە دوایین دیمانەی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، لە رۆژی دوایی نەك تەنیا بەزمانی كوردی وەڵامی خوای گەورە دەدەمەوە، بەڵكو بە كەلاری قسە دەكەم.
ئەو هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی سەرسام كردووە، تەنانەت بۆ ئەوانەیشی كەم لەم دنیایەدا ئازاریان داوە دەڵێ، نامەوێ بمرن، بەڵكو دەمەوێ تەمەندرێژ بن و بە حەسرەتی منەوە بن.
ئەوەی ئێستە دەنگدانەوەی زۆری لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێ كەوتووەتەوە، ئەوەیە كە گوتی، لەو دنیا بە كەلاری وەڵامی خوا دەداتەوە. ئەو هەرچەندە لەلایەن هەندێك رەوتی ترەوە دژایەتی دەكرێت، بەڵام هیچ كاتێك وەڵامیان ناداتەوە و لە گەیاندنی پەیامەكانی بەو شێوەی خۆی دەیەوێ بەردەوامە.
بابەتەكە تەنیا ئەوە نییە، بەڵكو یەكێك لە چالاكانی ژن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كە خۆی وەك ژنێكی فیمێنیست ناساندووە، وتارێكی لەبارەی مامۆستا جاسم كەلای نووسیوە و دەڵێ، من عاشقی جاسم كەلاریم، من عاشقی جاسمم وەختێك سەرەی مەرگمە و ئەو دێ بەكوردی تەڵقینم دادەدا.
هەروەها بۆی نووسیوە، تۆ لەوپەڕی ڕاستەوە بە زاری نالی لە زكر و تەسەوفی تەكیەی مرۆڤدۆستییەوە، من لەوپەڕی چەپەوە لە هەگبەی فیمنێستێكەوە بە یاسای بەرابەری و پاراستنی مافی مرۆڤەوە، دەی كێ دەتوانێ دڕك بێ لەم ناوەندەی من و تۆ؟.
خەندان حەمەجەزا دەڵێ، دەی جاسم لەم عەسری بیست و یەكەدا تەنیا سێوێكی مێخەكڕێژ بارتەقای مارەیی من و تۆ بێ، لە دادگا سەرای دەوڵەتدا تەنیا گفتی من و تۆ كافی بێ، تۆ پێت وا نییە نالی و ڤۆلتێر دەكرێ دوو شاهیدی باوەڕپێكراوی ئێمە بن؟ ئیتر چ بەهانەیەك هەیە فیمنێستێك عاشقی تۆ نەبێ ؟.
مامۆستا جاسم كەلاری لە زۆریی قسە و گوتارەكانیدا بە شیعری شاعیرانی كورد سەرسامە و تێكەڵی قسەكانی دەكات، لە بەرانبەر ئەو نووسەرە ژنەیش بۆی نووسیوە، ئەو خودایەشم خۆش گەرەكە كە تۆ تەعریفی دەكەیت، ئەما ئەوەنا كە من بە نیوەبەشەر ببینێ، لە ئایدۆلۆجیاكەی تۆدا، نە كچەكان دەبنە قەیرە، نە پیرێژنەكان قرچۆكن، نە ژنەكان داینەسۆرن، نە مێینەكان زەعیفەن. كەچی بەدەم گوڵچنینی خانەقاكەی نالی بە گوڵبارانی وشە وەسفی جوانیم دەكەی . ئیتر خودا لێم نابوورێ گەر نەڵێم عاشقتم.