لە 51 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، "وشە" دەقی نامەیەكی جەلال تاڵەبانی بۆ مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی بڵاو دەكاتەوە كە ساڵی 1991 ئاراستەی كردوون.
لە دوای ململانێیەكی چەند ساڵەی نێوان پارتی و یەكێتی، سەرئەنجام و بەتایبەتتر دوای ساڵانی كۆتایی مام جەلال لە سكرتێری گشتیی یەكێتی، گەیشتە ئەو بڕوایەی كە هیچ هەنگاوێك بەبێ سەرۆك بارزانی سەرناگرێ.
لەو سۆنگەیەشەوە دەیان قسە و دۆكیۆمێنت لە ئارادان كە مام جەلال لە بڕیارەكانی كۆتاییدا هیچ هەنگاوێكی بەبێ پارتی نەناوە.
لە بەرگی پێنجەمی كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد" كە سەرۆك بارزانی نووسیویەتی، تێیدا دەیان بەڵگەنامە و دۆكیۆمێنتی سیاسیی نێوان خۆی و سەركردە سیاسییەكانی كوردستان و دنیای بڵاو كردووەتەوە.
لە لاپەڕە 581ی كتێبەكەدا، نامەیەكی دەستنووسی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تێدایە كە لە ساڵی 1991 لە ئەنكەرەوە ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كردووە و نووسیویەتی، "لەگەڵ كاك مەسعوود بارزانی بە تەواوی پێك هاتووین".
"تكایە بە تەواوی گوێداریی كاك مەسعوود بكەن و لەگەڵ م.س/ی پارتی بە سەرپەرشتی كاك مەسعوود، هەموو كارەكان پێكەوە ئەنجام بدەن. هەروەها تكایە تا دێمەوە هەمیشە لە هەموو مەسەلەیەكدا پرس بە كاك مەسعوود بكەن و بە راوێژ لەگەڵیان هەموو كارەكان بەڕێوە بەرن، لەگەڵ م.ی/ی پارتی بەرەو هاوكاریی ستراتیجی و هەتا سەری"، لە ناوەڕۆكی نامەكەی تاڵەبانی وا نووسراوە.