سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ماستەرپلانی نوێی هەولێر بە وردی پلانی بۆ دانراوە و بەگوێرەی ئەوەیش، چڕی نیشتەجێبوون دەكەوێتە رێگەی هەولێر بۆ دهۆك.
كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ی گوت، ماستەرپلانی هەولێر بە هاوكاری جایكای یابانی كاری لەسەر كراوە كە حیسابی هەموو سێكتەرەكانی شار كراوە، بەو پێیەیش چڕی نیشتەجێبوون لە داهاتوودا دەكەوێتە ڕێگەی هەولێر بۆ دهۆك.
دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنی ئەو شوێنە لەخۆوە نییە و بە وردی لێكدانەوەی بۆ كراوە، بۆیەش زەوی فەرمانبەران لەو سنوورە دابەش كراوە.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هەولێر بەشێوەی بازنەیی بەرەو فراوانی زیاتر دەچێت، بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی نوێ، دەبێت بە گەشی بمێنێتەوە و دەبێتە جێی سەرسامی لە ناوچەكە و تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپادا.
سەرۆكی شارەوانی باسی لە پشتێنەی سەوزایی و ئاوی فریاگوزاری و پڕۆژەی رووناكی كرد كە هەموو ئەوانە، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان جێبەجێ كراون و گەشەی زیاتر بە هەولێر دەدات.