وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، واژووی لەسەر بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی هێزەكانی 70، هێزەكانی پشتیوانی، فەرماندەیی بەرگری و فریاكەوتن كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، واژووی لەسەر خشتەكانی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە، هێزەكانی پشتیوانی یەك، هێزەكانی پشتیوانی دوو، فەرماندەیی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن) كرد.
بەپێی خشتەكان، هەزار و 385 ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانە پلەكانیان بەرز كراوەتەوە.
هاوكات لەگەڵ واژووكردنی خشتەكەدا، وەزیری پێشمەرگە پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو ئەفسەرانە دەكات كە پلەكانیان بەرز كراوەتەوە.
هەروەها دەڵێ، دڵنیام ئەم قۆناغە نوێیەی بەرزبوونەوەی پلەتان، دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانمان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.