CPT: لەماوەی ئاگربەستی ئێران و ئەمەریكا 104 هێرشی تر كراوەتە سەر كوردستان

:: PM:05:13:01/06/2026 ‌
تیمی كوردستانی عێراقی CPT راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و ئاماری سێ مانگ لە هێرشەكانی ئێران و گرووپە هاوپەیوەندەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان باس دەكەن.
 
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوباتی 2026، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێكی بەردەوام لە هێرشی سوپای پاسدارانی  ئێران و گرووپە چەكدارییە هاوپەیوەندەكانی لە عێراق بووەتەوە.

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی  CPT، لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 751 هێرشی تۆماركردووە كە بوونەتە هۆی شەهید بوونى 22 كەس و برینداربوونی 112 كەسی تر.

وردەكارییەكەی بەمشێوەیە كە كۆی گشتی هێرشەكان، 751 هێرش، 647 هێرش لە 40 ڕۆژی یەكەمدا و پێش ئاگربەستی هەشتی نیسان رووی داوە. 

جۆری هێرشەكان لە 4.78٪ی سەرجەم هێرشەكان لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژەوە ئەنجامدراون و سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوام ئامانجی سەرەكی هێرشەكان بووە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە شوێنە بە ئامانجگیراوەكان لە4.37٪ هێرشەكان بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بووە. لە 7.31٪ی تری هێرشەكان بۆسەر شوێنی مەدەنی، كۆمپانیا، بارەگاكانی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەكانی نا بەشدار لەو شەڕە بووە. لە 9.30٪ی هێرشەكان بۆسەر كامپی پەنابەران و بارەگای حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە.

سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە هەشتی نیسان، هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان نەوەستان، لەماوەی ئاگربەستدا، 104 هێرش بۆسەر هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە كە زۆرینەی هێرشەكانی ماوەی ئاگربەست، بۆسەر حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كامپەكانیان بوون.

هەروەها سەرجەمی قوربانییانی ماوەی ئاگربەست كە پێنج شەهید و 17 بریندارن ئەندامی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.



وشە - وشه‌