وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بڕی داشكاندنی سێ ملیار دیناریان گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەك بەشێك لە ڕێكارە بەردەوامەكانی ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی پسوولەكردن.
لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولەكردن، سیستمی نوێی پسوولەكردن نزیكەی 118 هەزار هاوبەشی ماڵانی دیاریكردووە كە بەتەواوی لە داشكاندنی سێ مانگی یەكەمی پڕۆژەی ڕووناكی سوودمەند نەبوون.
هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشكاندنەكانیان لە پسوولەی مانگەكانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناكی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناكی بۆ ئەژمار دەكرێت، ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆماركردووە لە پڕۆژەی ڕووناكی لە رێگەی كورتەنامە ئاگەدار دەكرێنەوە.
تا ئەمڕۆ، نزیكەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی كە زیاترە لە 85%ی هاووڵاتییانی كوردستان كارەبای 24 سەعاتیان بۆ دابینكراوە لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناكی.
بەپێی نرخە نوێیەكان، ٪80ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی كەمدەرامەتان، پارەیەكی كەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ كارەبای موەلیدە و كارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان، لە مانگى ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.